لە هوتێلێكی گەورەی ئەمەریكا كە ژمارەیەك تابلۆی شێوەكاری جیهانی بیكاسۆی تێدا هەڵواسرابوو، لە زیادكردنێكدا 11 تابلۆی ئەو هونەرمەندە گەورەیە بە 110 ملیۆن دۆلار فرۆشران.
پێگەی "
ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم 25ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەو تابلۆیانەی بیكاسۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لە هوتێلی "بیلاجیۆ لای فیگاس" بۆ پێشاندان هەڵواسرابوون. ئەو هوتێلە خاوەندارێتی بۆ كۆمەڵەی "ئێم جی ئێم" دەگەڕێتەوە كە هەمیشە دیوارەكانی بە تابلۆكانی بیكاسۆ رازێنراونەتەوە. هەندێك تابلۆ تەنیا بۆ وێنەگرتن پێشان دراون.
ئەو تابلۆیانەی بیكاسۆ كە 11 تابلۆن و لە زیادكردنێكدا بە 110 ملیۆن دۆلار فرۆشراون، دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ 50 ساڵی كارەكانی ئەو هونەرمەندە ئیسپانییە. نۆ تابلۆیان بە رۆنی دروست كراون، دوویان سیرامیكن.
گرانترین تابلۆیان كە بە 40 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار فرۆشراوە، تابلۆكە وێنەی ژنێكە كڵاوێكی سوور و پرتەقاڵیی لەسەرە. پسپۆرانی بوارەكە دەڵێن ژنەكە خۆشەویستی بیكاسۆ بووە و ئاشقی بووە، ئەویش "ماری تیریز واڵتەر"ـە.
ئاماژە بەوەش دراوە كە تابلۆیەكی تر بەناوی "پیاو و منداڵ" كە تابلۆیەكی گەورەیە و دوو مەتر بەرزە، بە 24 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار فرۆشراوە كە ئەو هونەرمەندە لە ساڵی 1959 دروستی كردووە.
دواتریش پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە كە گرانترین تابلۆی بیكاسۆ كە تا ئێستە فرۆشرابێت، تابلۆی "ژنانی جەزائیر"ـە كە لە 2015دا بە 179 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار فرۆشراوە.
بابلۆ بیكاسۆ كە شێوەكارێكی جیهانی و ئیسپانییە، لە ساڵی 1881 لە دایك بووە و لە 1973دا كۆچی دوایی كردووە. وێنەكێش و شێوەكار و پەیكەرتاشە. بە ناودارترین شێوەكاری سەدەی بیست لە دنیادا هەژمار دەكرێت. دەیان تابلۆ و پەیكەر لە دوا بەجێماوە كە بە سەتان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن.