نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عيراق و شاندێكى ياوه‌رى، كۆبووه‌وه و تێیدا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و واشنتن و هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و پرسی تیرۆر و چه‌ندان ته‌وه‌ری تریان خسته به‌رباس.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و ئه‌نجامه‌كانى، دۆخى عيراق به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى، تاوتوێ كران، هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه پرۆسه‌ى ده‌نگدان له‌ڕووى ته‌كنيكييه‌وه به شێوه‌يه‌كى ڕێك‌وپێك و بێكێشه به‌ڕێوه چوو، هه‌روه‌ها گرنگه دواى په‌سه‌ندكردنى ئاكامه‌كان حكوومه‌تێكى گشتگير له عيراق پێك بێت كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى ئومێد و چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتيیان بێت.
هاوكات تیشك خرایه‌سه‌ر په‌يامى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى كه پشتيوانى له پرۆسه‌ى ده‌نگدان كرد و به هه‌نگاوێكى گرنگى له قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها ڕۆڵى كۆمسيۆنى باڵای سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عيراق له ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و ڕۆڵى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان و يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و كۆمكارى عه‌ره‌بى و هه‌موو ئه‌و لايه‌نانه‌ى پشتيوانيى ئه‌م پرۆسه‌يان كرد، به‌رز نرخێنرا.
نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له دیداره‌كه باسی له ياساى هه‌ڵبژاردن كرد كه جارى يه‌كه‌مه له عيراق كارى پێده‌كرێت و دووپاتى كرده‌وه سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كار بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆ ببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى يه‌كڕيزيى لايه‌نه كوردستانييه‌كان بێته ئاراوه.
له به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه، پێوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا، پێوه‌ندييه‌كان هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌وڵه‌كانى عيراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، گرنگيى هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عيراق و جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور، ڕێككه‌وتنى شه‌نگال، پێوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، دۆخى سووريا و پێشهاته‌كانى ئه‌فغانستان، چه‌ند ته‌وه‌رێكى تری كۆبوونه‌وه‌كه بوون.