ئێران لە دابینكردنی گازی سروشتی حەوجێی وڵاتانی دراوسێ دەبێ

:: PM:03:25:26/10/2021 ‌
ئێران وەك پێویست نەیتوانیوە پەرە بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بدات و ئەو گازەی بەرهەمی دەهێنێت، بەشی پێداویستییەكانی ناكات، بۆیە هانای بۆ توركمانستان بردووە تا ئەو بۆشاییەی بۆ پڕ بكاتەوە. هاوشێوەی كارەبا، دیاردەی كورتهێنانی بەرهەمی گازی سروشتی، یەكەم جارە لە ئێران روو دەدات و بەشێك لە هۆكارەكەش بۆ سزاكانی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە.

ئێران لە كاتێكدا تووشی كورتهێنانی گازی سروشتی بووە كە خۆی بە دووەم گەورەترین وڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی گازی سروشتی هەژمار دەكرێت.

دوو ساڵە حكوومەتی ئێران سووتەمەنی ئەو وێستگانەی بۆ گازوایل گۆڕیوە


وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئێران، پشتیان بە گازی سروشتی دەبەست و ماوەی دوو ساڵە حكوومەتی ئێران سووتەمەنی ئەو وێستگانەی بۆ گازوایل گۆڕیوە، لە كاتێكدا گازوایل هۆكارێكی سەرەكییە لە پیسكردنی ژینگە.

ئێران لەبەر دوو مەبەست سووتەمەنیی ئەو وێستگانەی بۆ گازوایل گۆڕیوە، یەكەمیان ئەوەیە بەرهەمێكی زۆری گازوایلی بەدەستەوەیە كە بۆی نافرۆشرێت و دەبێت ئەو گازوایلە خەرج بكات، لەلایەكی تر دەیەوێ بەم شێوەیە قەرەبووی بەشێك لە زیانەكانی سزاكان بكاتەوە و بە بەرهەمهێنانی بەنزین و هەناردەكردنی بۆ دەرەوە پارەی زیاتر دەست بخات.

بەرهەمهێنانی زیاتری بەنزین لە نەوتی خاو، بەو واتایە دێت كە لە ئەنجامدا گازوایلی زیاتریش بەرهەم دێت و ئەو گازوایلەشی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی كەمبوونەوەی سووتەمەنی گازی سروشتی بەكار هێناوە.

قەبارەی بەكاربردنی گازی سروشتی بریتییە لە 834 ملیۆن مەتر سێجا


قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە ئێران لەمساڵدا، رۆژانە سەرووی 812 ملیۆن مەترس سێجا بووە لە رۆژێكدا كە بۆ ساڵێك دەگاتە 296 ملیار مەتر سێجا. هاوكات قەبارەی بەكاربردنی گازی سروشتی بریتییە لە 834 ملیۆن مەتر سێجا، رۆژانە سەرووی 21 ملیۆن مەتر سێجا لە كورتی دەدات.

دەگوترێ كورتهێنانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەرانبەر بە بەكاربردن لە ئێران، لانی كەم تا پێنج ساڵی تر درێژەی دەبێت، دوای 10 ساڵی تر پێشبینی دەكرێ بە جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی پەرەپێدانی گازی سروشتی، دووبارە كۆتایی بە كورتهێنان بهێنرێت.

بەگوێرەی بی بی سی، پشكی پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گازی ئێران لە بودجەی وڵاتەكە 14.5%ی كۆی قەبارەی هەناردەی نەوتە. چوار ساڵ لەمەوبەر داهاتی ئێران لە نەوت سەرووی 62 ملیار دۆلار بوو. ئەمە لە كاتێكدایە كۆی هەناردەی ئێران لە هەمان ساڵدا 96 ملیار دۆلار بوو و ئەگەر ئەو 14.5%ـەی لێ دەربهێنرێت، ئەوا نۆ ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و گازی ئێران دەگەڕێتەوە.

بەڵام ساڵی رابردوو كۆی داهاتی ئێران لە هەناردە نزیكەی 50 ملیار دۆلار بووە، لەو بڕە پارەیەش 21 ملیار دۆلاری هی نەوت بووە و ئەگەر لێرەدا پشكی 14.5% لەبەرچاو بگرین، ئەوا ئەو پارەیەی بۆ پەرەپێدانی كەرتەكە دەمێنێتەوە، هیچی پێ ناكرێت و تەنانەت ناكرێ بە هۆیەوە خزمەتگوزاری پێویست پێشكەش بە كەرتەكە بكرێ كە بە قەبارەی 400 ملیار دۆلار، ئامێر و تەكنەلۆجیا لەخۆ دەگرێت و بەردەوام پێویستی بە چاككردنەوە و چاودێری هەیە، بەشی ئەوە نامێنێتەوە بەهۆیەوە پەرە بە پڕۆژەكان بدات.

ئێران بۆ ئەوەی كورتهێنانەكە پڕ بكاتەوە و پەرە بە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی گاز بدات، ئەوا پێویستی بە سەرمایەی 50 ملیار دۆلار هەیە، بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی ئێران لە رووی ئابوورییەوە هەیەتی، ئێستە ئەو پارەیەی بۆ دابین ناكرێت. هەر دوێنێ بوو كە بەرپرسێكی حكوومەتی ئێران رای گەیاند، لە بودجەدا تووشی 460 تریلیۆن تمەن كورتهێنانی بودجە هاتووە كە بە دۆلار دەكاتە سەرووی 16 ملیار دۆلار.

دەست و داوێنی توركمانستان بووە


ئێران بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی گازی سروشتی، دەست و داوێنی توركمانستان بووە و هێشتا دیار نییە ئەو وڵاتەش داواكارییەكەی ئێران بۆ كڕینی گازی سروشتی قبووڵ دەكات یان نا.

سەیر لەوەدایە ئێران و توركمانستان لە پرسی هەناردەی گاز هەندێك كێشەیان لە رابردوو لەگەڵ یەكتردا هەبووە، توركمانستان بۆ هەناردەی گازەكەی پشتی بە لوولەیەكی گازی ئێران دەبەست كە لە باكورەوە تا باشوور درێژ دەبێتەوە. ساڵی رابردوو دژی ئێران سكاڵای تۆمار كرد و لە دادگادا ئێران دۆڕاندی، ناچار بوو دوو ملیار دۆلار بە توركمانستان بدات.


وشە - سلێمان تاشان