شاندێكی باڵای سەربازی عێراق لە هەولێرە

:: PM:06:57:26/10/2021 ‌

لە میانی تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تەواوكردنی رێوشوێنەكانی پێشتر لەو بارەوە وەرگیرابوون، شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتە هەولێر.

وەك لە بەیاننامەیەكی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكاندا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەم شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق بە سەرۆكایەتی فەریقی یەكەمی روكن عەبدولئەمیر شمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بە هاوەڵی یاریدەری سوپاسالاری عێراق بۆ ئۆپراسیۆنەكان و فەرماندەی هێزە وشكاوییەكان و بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی و ژمارەیەك لە گەورە فەرماندە تەناهییەكانی عێراق گەیشتنە هەولێر.
باسی هاریكاریی هاوبەش لە نێوان هێزە تەناهییەكانی فیدرالی و پێشمەرگە دەكرێت
بەپێی بەیاننامەكە شاندەكە كۆبوونەوەیەكی فرەوان لەگەڵ سەرۆكایەتی سوپاسالاری پێشمەرگە ساز دەكات بۆ باسكردنی هاریكاریی هاوبەش لە نێوان هێزە تەناهییەكانی فیدرالی و هێزەكانی هەرێم و پێشمەرگە، هەروەها ئالوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری و تاوتوێكردنی هاوئاهەنگی هاوبەش لەبارەی پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی داعش و كۆنترۆلكردنی ناوچە گرنگەكان لای هەردوولا و بەدواداچوونی پرسە هەڵپەسێردراوەكان لە نێوانیاندا.

شایەنی باسە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو چەندان كۆبوونەوە و سەردانی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە كراوە بۆ هاوئاهەنگی لە نێوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاكییەكانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و بۆشاییە تەناهییەكانی نێوان هەردوولا، بۆ ئەو مەبەستەیش رێككەوتن لەسەر دامەزراندنی چەند ژوورێكی هاوئاهەنگی و دوو لیوای هاوبەش كراوە، بەڵام تا ئێستە بە كردەنی وەك پێویست جێبەجێ نەكراوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل