بەر لە چوون بۆ بەغدا پارتی هەوڵی یەكگوتاری كورد دەدات

:: PM:07:42:26/10/2021 ‌

لەو كاتەی مشتومڕی قووڵی ناو ماڵی شیعە بۆ گەیشتن بە سازان لەسەر ئەو لایەنەی حكوومەت پێك دێنێ و تایبەتمەندییەكانی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیش كە لە پشكی شیعەیە، هەریەك لە كورد و سوننە هەوڵی خۆكۆكردنەوە و یەكگوتاری دەكەن، كاندیدێكی براوەی هەڵبژاردنی لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان رووناكی دەخاتە سەر هەوڵەكانی یەكگوتاری كورد بەر لە چوونی بۆ بەغدا.

د. ماجد شنگالی، كاندیدی براوەی پارتی لەسەر بازنەی شنگال گوتی، تا ئێستە پارتی بابەتی پۆستەكانی لەگەڵ لایەنە كوردییە براوەكان باس نەكردووە و گرنگی زیاتر بە یەكخستنی گوتاری كورد دەدات بەر لە چوون بۆ بەغدا، هەرچی پۆستەكانە لە پلەی دووەمی گرنگیدانی پارتی دێت لەو ساتەدا. 

زیاتر گوتی، یەكخستنی گوتار و ناوماڵی كورد گرنگە، دوای ئەوە گفتوگۆ لەبارەی پۆستەكان و بەشی هەرلایەك دەكرێت، كە هەرلایەك بەپێی بەشی شایستە و سازانی لایەنەكان بەشی خۆی دەبات، هاوكات تا ئێستە باسی هیچ كەسایەتییەك یان پۆستێك لە نێوان حزبە كوردییەكان نەكراوە.
تا ئێستە باسی هیچ كاندید و پۆستێك لە نێوان لایەنە كوردییەكان نەكراوە
شنگالی روونی كردەوە، ئێستە پارتی چاوەڕوانی سازانی شیعەكانە لەسەر كەسایەتی سەرۆك وەزیران، بەر لە باسكردنی پێكهێنانی حكوومەت و بەشی شایستەی هەر لایەك.

شایەنی باسە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، لەسەر ئاستی هێزە شیعەكان رەوتی سەدر بە پلەی یەكەم هات و زیاتر لە 70 كورسی بەدەست هێنا، هەرچی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانە، پارتی دیموكراتی كوردستان 33 كورسی مسۆگەر كردووە، ئەوەیش بەپێی ئەنجامە كۆتاییە ناپەسندكراوەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رای گەیاندووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل