ئایدن مه‌عرووف ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و به‌رپرسى به‌ره‌ى توكمانى له هه‌رێمى كوردستاندا، له دیدارێكى "وشه"دا، ورده‌كارییه‌كانى پڕۆژه‌یه‌كى لایه‌نه‌كانى توركمان بۆ زیادكردنى كورسیى كۆتاى توركمان له په‌رله‌مان ده‌خاته ڕوو. مه‌عرووف كه هاوكات ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستانه، راى ده‌گه‌یه‌نێت، هیچ هێزێكى توركمانى لارى له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه نییه.
ئێسته سه‌رقاڵى پڕۆژه‌یه‌كن بۆ یه‌كخستنى توركمانه‌كان، ورده‌كارى ئه‌و پڕۆژه‌یه چۆنه؟
پوخته‌ى پڕۆژه‌كه ئه‌وه‌یه كه ده‌مانه‌وێت توركمانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى كاراتر به‌شداربن له پرۆسه‌ى سیاسى له حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى له كوردستاندا، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ى پڕۆژه‌یه‌كه‌وه ده‌كه‌ین به زیادكردنى كورسیى كۆتاكان له په‌رله‌مانى كوردستان له پێنج كورسى بۆ 10 كورسى، هه‌رچه‌نده به‌یاسا ئه‌و ژماره‌یه‌ى كورسیى كۆتاكان دیارى كراوه، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا هیچ پێوه‌رێك نییه بۆ وه‌رگرتنى كورسییه‌كه له‌لایه‌ن توركمانه‌كانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌مانه‌وێت گۆڕانكارى بكرێت له كۆتاكان كه زیاد بكرێت و پێوه‌رى وه‌رگرتنى ئه‌و كورسییانه دیارى بكرێت، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مانه‌وێت زیاتر به‌شدارى پرۆسه‌كان بكه‌ین، چونكه تا ئێسته نه‌توانراوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توركمان بكرێت وه‌ك نه‌ته‌وه، به‌ڵكو ته‌نیا مامه‌ڵه‌كان له‌گه‌ڵ حزبه سیاسییه‌كاندا بووه، بۆیه پێویسته ئه‌و شێوه‌یه گۆڕانكارى تێدا بكرێت.
بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه چیتان كردووه؟
چه‌ند هه‌نگاوێك نراوه و هه‌وڵه‌كان به‌ئاراسته‌ى ئه‌و ئه‌نجامانه به‌رده‌وامى هه‌یه، هه‌رچه‌نده چه‌ند لایه‌نێك ده‌یانه‌وێت كۆتاكان له‌رووى سیاسییه‌وه بچووك بكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى زۆر نه‌رێنى له‌سه‌ر دیموكراسیى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت.
ئه‌و لایه‌نانه كێن ده‌یانه‌وێ پێكهاته‌كان بچووك بكه‌نه‌وه، بۆچى ئه‌و هه‌وڵه دراوه؟
لێك تێگه‌یشتن نییه بۆ كارى پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان و هه‌ندێك لایه‌ن پێیان وایه توركمانه‌كان له‌ژێر بڕیارى حزبی تردان، به‌ڵام له ڕاستیدا وا نییه و ئێمه ئازادین له‌گه‌ڵ كێ و به‌چ جۆرێك ڕێككه‌وتن ده‌كه‌ین، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێ به‌و قسانه كۆتاكان ناشیرین بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك جار حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتداریش له هه‌رێمى كوردستان ده‌ستێوه‌ردان ده‌كه‌ن له كاروبارى توركمانه‌كاندا، بۆیه ئێمه ده‌مانه‌وێت كۆتاكان زیاد بكرێت و نوێنه‌رایه‌تى راسته‌قینه بكه‌ن له په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌ر كاتێكیش ئێمه نوێنه‌رایه‌تیمان زیاد بێت له په‌رله‌ماندا، بێگومان ده‌توانین فشارى زیاتر دروست بكه‌ین له‌سه‌ر حكوومه‌تیش بۆ كارى زیاتر، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له هه‌رێمى كوردستان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ى توركمان بێت نه‌ك لایه‌نێكى سیاسیى توركمان، چونكه نه‌ته‌وه گرنگتره له لایه‌نى سیاسى و نامانه‌وێت توركمان وه‌ك رووگه به‌كار بهێنرێت.
پڕۆژه‌كه‌تان ته‌نیا توركمان ده‌گرێته‌وه ئه‌ى مه‌سیحى و پێكهاته‌كانى تر؟
ئێمه پێمان وایه توركمان نه‌ته‌وه‌یه‌كى گرنگه به‌پێوه‌رى ئه‌وه‌ى له عێراق سێیه‌مین و له كوردستاندا دووه‌مین نه‌ته‌وه‌ین، بۆیه له ئێسته‌دا پڕۆژه‌كه ته‌نیا توركمانه‌كان ده‌گرێته‌وه، هه‌رچه‌نده وه‌ك نه‌ته‌وه هیچ جیاوازیمان نییه، به‌ڵام وه‌ك به‌شدارى له پرۆسه‌ى سیاسى ده‌بێت جیاوازى هه‌بێت و ئه‌وه‌ش له پڕۆژه‌كه‌دا دیارى ده‌كرێت.
دیاریكردنى كورسیى كۆتاكان له په‌رله‌مانى كوردستان به‌یاسا دانراوه، ئێوه چۆن ده‌توانن هه‌نگاوى زیاتر ببه‌نه پێشه‌وه؟
راسته ئه‌وه به‌یاسا له په‌رله‌مانى كوردستان دانراوه، به‌ڵام ده‌بێت پڕۆژه‌كه‌ى ئێسته‌ش به‌هه‌مان شێوه به‌یاسا په‌سه‌ند بكرێت و ئێسته ده‌ستمان به ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌كه كردووه و ئاماده‌سازى ده‌كه‌ین، دواتر له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و لایه‌نه سیاسییه‌كان كۆ ده‌بینه‌وه بۆ كۆكردنه‌وه‌ى پشتگیرى پڕۆژه‌كه و په‌سه‌ندكردنى له په‌رله‌مانى كوردستان، بێگومان په‌رله‌مان تاهه‌تایه به‌و شێوه‌یه نابێت و ئه‌وكاته‌ى په‌رله‌مان كارا كرایه‌وه، ده‌یكه‌ینه پڕۆژه‌یه‌كى یاسایى و ده‌یبه‌ینه په‌رله‌مانى كوردستان. تا ئێسته هیچ حزبێكى توركمان له‌سه‌ر زیادكردنى كورسیى كۆتاكان ناڕازى نییه و ئه‌وه كاركردنه بۆ نه‌ته‌وه‌ى توركمان و ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ى راپرسییه‌وه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوانى نه‌ته‌وه‌ى توركمانى بۆ كۆ بكه‌ینه‌وه، چونكه له ئێسته‌دا هیچ پێوه‌رێك نییه بۆ دابه‌شكردنى كورسیى كۆتاكانیش له‌نێو توركمانه‌كاندا، هه‌رچه‌نده هیچ لایه‌نێك سیاسى توركمانى به‌بێ كۆتا ناگاته په‌رله‌مانى كوردستان ته‌نیا ئه‌گه‌ر به‌ره‌ى توركمانى بتوانى به‌بێ كۆتا بگات، ئه‌گه‌ر فشار دروست نه‌كرێت و ساخته نه‌كرێت.
پێتان وایه یه‌كێتى و پارتى و لایه‌نه‌كانى تر پشتگیرى پڕۆژه‌كه‌ى ئێوه بكه‌ن به‌زیادكردنى كورسیى كۆتاكان؟
پێمان وایه زۆربه‌ى حزبه سیاسییه‌كان پشتگیرى زیادكردنى كورسیى كۆتاكان ده‌كه‌ن له په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڵام تێبینى لایه‌نه‌كان بۆ پڕۆژه‌كه جیاوازى ده‌بێت و به‌تایبه‌ت له نێوان لایه‌نه سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ئه‌وه بۆ حزبه‌كان روون بكه‌ینه‌وه كه بۆچى لایه‌نه‌كان له‌زیادبوونى كورسیى كۆتاكان ترسیان هه‌یه و بۆچى تا ئێسته‌ش ترسیان هه‌یه. له‌كاتێكدا ده‌مانه‌وێت توركمانه‌كان نوێنه‌رى خۆیان نه‌بن له په‌رله‌مانى كوردستان، چونكه له‌رابردوودا وێنه‌یه‌كى خراپى نوێنه‌رایه‌تى پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مانى كوردستان نیشان دراوه و هه‌ندێك جار و له هه‌ندێك قۆناغ پێكهاته‌كان خۆیان له پشتگیرى حزبێكى سیاسى یه‌كلاى كردووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش وای كردووه وێنه‌یه‌كى خراپ دروست ببێت، بۆیه ئێسته هه‌وڵى ته‌واو ده‌ده‌ین نه‌بین به ته‌ره‌فى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و ده‌مانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تى راسته‌قینه‌ى توركمانه‌كان و خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به 10 كورسى بچینه په‌رله‌مان، كاریگه‌ریمان زیاتر ده‌بێت به‌تایبه‌ت بۆ هه‌ولێر كه پێوه‌ندى باش دروست ده‌بێت و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانى تر دروست ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندانی جار له په‌رله‌مانى كوردستان كێشه‌مان بۆ دروست كراوه.
كێشه‌ى وه‌ك چى؟
به پێنج په‌رله‌مانتار ناتوانین پڕۆژه یاسا پێشكه‌ش بكه‌ین و زۆرجار په‌نا بۆ پشتگیرى فراكسیۆنه‌كانى تر ده‌به‌ین. ئاسانترین نموونه ئه‌وه‌یه ئه‌و پێنج په‌رله‌مانتاره‌ى توركمان داوامان كرد له‌سه‌ر تابلۆى په‌رله‌مان به‌زمانى توركمانى بنووسرێ له‌كاتێكدا به‌عه‌ره‌بى نووسراوه، كه‌چى نه‌مانتوانى پڕۆژه‌كه ببه‌ینه پێشه‌وه، چونكه ناكرێ له 10 ئه‌ندام كه‌متر داواكارى و پڕۆژه پێشكه‌ش بكات، ده‌مه‌وێت ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه توركمان مه‌ترسى نییه له‌سه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى له هه‌رێمى كوردستان و پۆست و وه‌زاره‌تمان ناوێ، ته‌نیا وه‌زاره‌تێكمان ده‌وێت بۆ كاروبارى توركمان بێت، راسته ئێسته وه‌زاره‌تى داد پشكى توركمانه، به‌ڵام ئه‌وه نوێنه‌رایه‌تى توركمان ناكات و وه‌زیرى داده، ده‌مانه‌وێت یه‌كێك له جێگره‌كانى سه‌رۆكى حكوومه‌ت بۆ كاروبارى توركمانى دیارى بكرێت، به‌تایبه‌ت ئێسته توركمانه‌كان به‌ره‌و یه‌كڕیزى ده‌ڕۆن.