له هه‌رێمی كوردستان و عێراق دوو سه‌ندیكای پارێزه‌ران هه‌ن، ده‌رچووانی كۆلێژی یاسا ده‌توانن ببن به ئه‌ندام و وه‌ك پارێزه‌ر كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ له نێوان ئه‌و دوو سه‌ندیكایه، چه‌ندان كێشه بۆ پیشه‌ی پارێزه‌رایه‌تی و ئه‌ندامه‌كانی هه‌ردوولا دروست بووه، له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی "وشه"دا له‌گه‌ڵ "ته‌ها عوسمان مه‌فره‌جی" ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق و سه‌رۆكی لقی كه‌ركووكی سه‌ندیكای پارێزه‌ران، چه‌ندان زانیاریی نوێ ئاشكرا ده‌كات و وه‌ڵامیش بۆ كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو سه‌ندیكاكه ده‌خاته ڕوو.
رێوشوێنی یاسایی وه‌رگرتن له سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق چۆنه و هه‌موو ده‌رچووانی زانكۆكانی كوردستانیش، ده‌توانن ببنه ئه‌ندام له سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق؟
بۆ بوون به ئه‌ندام له سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق، چه‌ند مه‌رجێك هه‌یه، به‌پێی ماده‌ی دوو له یاسای پارێزه‌رایه‌تی، یه‌كه‌م ده‌بێت كه‌سی پێشكه‌شكار عێراقی بێت و بڕوانامه‌ی به كهلۆریۆسی له یاسا به‌ده‌ست هێنابێت، ڕه‌وشتی باش بێت و سزا نه‌درابێت به تاوانی قورس، یان به تاوانی سووك سزا درابێت، به‌ڵام دوو ساڵ به‌سه‌ر سزادانه‌كه‌ی تێپه‌ڕیبێت. پرۆسه‌ی پێوهندیكردنهكه له ڕێی پێشكه‌شكردنی بهرجهستهكراوێكه له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆلێژ و به‌ڵگه‌نامه‌ی خوێندنی ئاماده‌یی و له‌گه‌ڵ بڕوانامه داواكراوه‌كان.
بۆ بابه‌تی وه‌ك زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م ده‌رچووانی یاسا له هه‌رێم له هه‌ر زانكۆیه‌ك بن كه باوه‌ڕپێكراو بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراقه‌وه، ئه‌وان ده‌توانن ببن به ئه‌ندام و بڕوانامه‌كه‌یان په‌سند ده‌كرێت.
پارێزه‌رێكی زۆر هه‌ن له‌لای ئێوه ئه‌ندامن، له زانكۆكانی ئیداره‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم خوێندنیان ته‌واو كردووه، له كاتێكدا له هه‌رێمیش فه‌رمانبه‌رن، چۆن ناسنامه‌ی ئه‌ندامیه‌تییان پێ دراوه؟
له‌باره‌ی ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی كه سه‌ربه سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراقن، سه‌لماندن هه‌بێت كه ئه‌وانه فه‌رمانبه‌ری هه‌رێمن، ئه‌وا ناوه‌كانیان لاده‌برێن و به یه‌كجاری له ئه‌ندامێتی له‌لای خۆمان ڕه‌ش ده‌كرێنه‌وه، هاوكات له‌لای خۆشمان لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندمان پێكهێناوه و پێشتریش هه‌مانبووه كه ئه‌ركی به‌دواداچوونی ئه‌و كار و سهرپێچییانهیه.
كه‌ی لقێك بۆ سه‌ندیكاكه‌تان له هه‌رێم و به‌تایبه‌ت له هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه؟
بابه‌تی كردنه‌وه‌ی لقی سه‌ندیكاكه‌مان له شاره‌كانی هه‌رێم، ده‌بێت له ڕێی هاوئاهه‌نگییه‌وه بێت له‌لایه‌ن سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق و سه‌ندیكای پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها پێویستی به وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌نجوومه‌نی داداوه‌ری هه‌یه، ئێسته ئه‌وه دانراوه كه له ڕێی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه له شاره‌كانی هه‌رێم، ڕاسته‌وخۆ كاره‌كانیان به لقی كه‌ركووك ده‌به‌سترێته‌وه، به سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی من كاره‌كان ده‌كرێت.
كێشه‌كانتان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان به كوێ گه‌یشت؟
چه‌ندان كۆبوونه‌وه له نێوان سه‌ندیكای هه‌رێم و عێراق كراوه، باس له‌وه كراوه كه ئه‌ندام هه‌یه فه‌رمانبه‌ره، یان له سه‌ندیكای هه‌رێم ده‌ركراوه یان تۆمه‌تباره به تاوانێكی قورس، به یه‌كجاری ئه‌و ناوانه دوور ده‌خرێنه‌وه، له ڕێی یاداشتێك سه‌ندیكای پارێزه‌رانی هه‌رێم ده‌ستی كردووه به پاككردنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی دانیشتووی شاره‌كانی هه‌رێم، وه‌ك ڕێپێدان تا 31ی 12ی ئه‌مساڵ، دڵنیاییش ده‌ده‌ین كه هیچ كێشه یان كێبهركاریی له نێوان سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق و هه‌رێم نییه، به‌ڵكو بگره زۆر هاوكاری یه‌كترین و پێوه‌ندییه‌كی برایانه له نێوانمان هه‌یه. سه‌ندیكای پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوور و یاسا دامه‌زراوه و بڕٍواپێكراوه و كاره‌كانی به فه‌رمی ده‌كات. ئێسته لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكهێنراوه بۆ لێكتێگه‌یشتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كان و دروستكردنی هاوئاهه‌نگی نێوانمان.
هاووڵاتییان كاتێك بیانه‌وێ سكاڵا له‌سه‌ر پارێزه‌رێكی ئه‌ندام له سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق تۆمار بكه‌ن، نازانن پێوه‌ندی به كوێوه بكه‌ن، ئێوه ئامۆژگاریتان چییه؟
هه‌ر پارێزه‌رێكی ئه‌ندام له سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق له شاره‌كانی هه‌رێم كار بكات، ده‌بێت پابه‌ندی ڕێنوێنییه‌كانی ئه‌وێ بێت و به‌بوونی سكاڵا، سه‌ندیكای هه‌رێم ده‌توانێ دۆسیه‌كان یه‌كلا بكاته‌وه و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه بۆ ئێمه ده‌نێرێته‌وه، ئێمه‌یش دوای به‌دواداچوون په‌سندی ده‌كه‌ین، به‌هه‌مانشێوه به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌نگاوه‌كان بۆ ئه‌ندامانی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی هه‌رێم له شاره‌كانی عێراق ڕاسته.
هاووڵاتییان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه ئێمه بۆ داواكردنی مافی ئه‌وان كار ده‌كه‌ین، پیشه و ڕه‌وشتمان ڕێمان پێ نادات هیچ كات سه‌رپێچی یاساكانمان بكه‌ین و مافیان بخۆین.
كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه هه‌ردوو سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق و هه‌رێم یه‌ك بگرن، هه‌ر هیچ نه‌بێت پێوه‌ندی نێوانتان به‌جۆرێك بێت پێویست به كۆبوونه‌وه نه‌كات و ڕاسته‌وخۆ به لینكه‌وه یه‌كتر بدوێنن و كار و كێشه‌كانتان ڕایی بكه‌ن؟
ڕێككه‌وتنێكی نووسراو هه‌یه له نێوانمان و له ڕۆژانی ئاینده واژوو ده‌كرێت، له‌لایه‌ن هه‌ردوو سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش، پێوه‌ندیی نێوانمان به‌جۆرێك ده‌بێت پێویست به كۆبوونه‌وه نه‌كات و ڕاسته‌وخۆ به لینكه‌وه یه‌كتر بدوێنین و كار و كێشه‌كانمان ڕایی ده‌كه‌ین. ئیتر كێشه‌یه‌ك نامێنێت له هه‌ردوولا و هه‌مووی چاره‌سه‌ری بۆ ده‌بینرێته‌وه.
له كۆتادا دووپات له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه پێوه‌ندیی نێوان سه‌ندیكای هه‌رێمی كوردستان و سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق، به‌هێزه و له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن و هاوئاهه‌نگییه، ناكرێت نكۆڵی له‌وه بكه‌ین كه پارێزه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ئاواره‌ییدا میوانداری هه‌زاران پارێزه‌ری عێراقیان كرد، هاوبه‌شیان كردن له ماڵ و ڕزقی پیشه‌ییان و ئاسانكاریی زۆریان بۆ كردن، ڕابردوو و ئێسته و داهاتوویش هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ندێكی گرنگی ئارامییه بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان.