ڕۆمانی وەرزی تەنیایی كە بەرهەمی جەلال بەرزنجی نووسەری ناسراوی كوردی نیشتەجێی كەنەدایە، چاپ و بڵاو كرایەوە، نووسەرەكە پێشتر لە كەنەدا كۆمەڵێك خەڵاتی گرنگی بەهۆی بەرهەمەكانی بردووەتەوە.
جەلال بەرزنجی نووسەری ڕۆمانی وەرزی تەنیایی، بە "وشە"ی دەڵێت، "بیرۆكەی ئەو رۆمانە لەسەر ململانێی نێوان مرۆڤ و كاتە، كارەكتەرەكە لە كۆتی كۆمەڵگە و كات، رادەكات و گفتوگۆی ئەوە دەكات، ئەگەر بۆ هەمیشە لە تەنیایی بژین چیمان بەسەر دێ. یان ئەوەش وەهێكی ترە و ئەو هەسارەی ئێمە لەسەرین، لە ناو بۆشاییە، لای نییە، سنوورەكان سیاسین. ئەوە گەشتانەی دەیانكەین، هەموویان بۆ سڕكردنی خۆمانە، هێشتا واین لە ژێر جەبری كات، تێدەگەین، شەڕی ئەومان پێ ناكرێت، چەندە دوور بڕۆین، یاخی بین، هێشتا واین لەسەر عاردی."
ئەو ئاماژەی دا، لە كۆتایی كارەكتەرەكە هەست دەكات، نیوەی بووە بە گیاندارێكی كۆمەڵایەتی، نیوەكەی تریشی لەسەر هەورانە، ژیانی لە ناو ململانێی ئەو دوو دنیایە بەسەر دەبات.
بەگوتەی نووسەرەكە، ئەو رۆمانە چەندان كارەكتەری تێدایە، ئەوانیش چیرۆك، خەون و یادەوەری هەستیاریان هەیە و دەیانگێڕنەوە، قسە لەسەر توندڕەوی ئاینی، جێ نەبوونەوەی نەخشەی كوردستان لەسەر زەوی، ئازادی رادەربڕین، پیسبوونی ژینگە، مەترسی چەكی ئەتۆمی، خۆشەویستی لە سەردەمی سۆشیال میدیا و چەندان پرسی هەستیاری تر دەكەن.
رۆمانەكە 200 لاپەڕەیە و دەزگای فام چاپی كردووە، هەفتەی داهاتوو بڵاو دەبێتەوە و لە پێشانگەی كتێب لە سلێمانی دەخرێتە روو.
سكرتێری یەكێتی نووسەرانی كورد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نووسەری كورد بووە.
جەلال بەرزنجی لە ساڵی 1953 لە هەولێر لە دایك بووە، لە سەرەتای حەفتاكانەوە دەنووسێت. دەیەی نەوەتەكان سكرتێری یەكێتی نووسەرانی كورد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نووسەری كورد بووە.
ئەو نووسەرە لە ساڵی 1998وە لە كەنەدا دەژیت. ساڵی 2002 كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردی/ كەنەدیی دامەزراندووە. هاوكات خەڵاتی "ریز ئەواردی” وەرگرتووە. جگە لەوە تا ئێستە چەندان جار كتێبەكانی لە كەنەدا بوونەتە پڕ فرۆشترین و چەندان خەڵاتی كەنەدیی نێونەتەوەیی ئەدەبییان بردووەتەوە.
ساڵی 2011 لە كۆی 196 كتێبی وڵاتانی گێتی، "پیاوە بێجامە شینەكە"، خەڵاتی وایەڵدی بردووەتەوە. ساڵی 2015 خەڵاتی "سالوت تو ئەكسیلنس" بردەوە، ساڵی 2016 خەڵاتی "هۆلە فێم" بۆ ئەدەب و هونەری پێ بەخشراوە. بەشداری دەیان كۆنفراسی ئەدەبی نێودەوڵەتی كردووە. دەیان شیعر و چاوپێكەوتنی بە زمانی ئینگلیزی لە گۆڤارە ناسراوەكانی كەنەدا بڵاو بووەتەوە. ئەندامی نووسەرانی نێودەوڵەتی، سەندیكای نووسەرانی زملبێرتا و كۆمەڵەی پیاسەی شاعیران و كۆمەڵەی شاعیرانی كەنەدایە.
سلێمانی/ئاسان محەمەد