خواردنی هێلكە بەرێژەیەكی زۆر مەترسیی هەیە

:: AM:09:40:17/11/2021 ‌
خەڵك بەشێوەیەكی زۆر لە ژەمەكاندا بایەخ بە خواردنی هێلكە دەدەن، بەجۆرێك كە ئەو خۆراكە بووەتە رۆژانە دەخورێ. بەتایبەتی وەرزشوانان بەهۆی كۆكردنەوەی پرۆتین لە جەستەدا، لەلایان بووە خۆراكی سەرەكی. بەڵام بەپێی توێژینەوەیەك كە لە ئەمەریكا كراوە، زۆر خواردنی هێلكە لەسەر ژیانی مرۆڤ مەترسیی دروست دەكات.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، هێلكە وێڕای ئەوەی بۆ جەستەی مرۆڤ سوودی زۆرە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پسپۆرانی بواری خۆراك و تەندروستی، دەركەوتووە زۆر خواردنی هێلكە، زیانی هەیە و رەنگە بەهۆیەوە مرۆڤ تووشی جەڵتەی دڵ بێت. ئەوەیش بەپێی توێژینەوەیەك كە لە زانكۆیەكی ئەمەریكا كراوە.

ئەو هۆشدارییە لەلایەن چەندان توێژەر لە زانكۆی "نۆرس وێسترن"ی ئەمەریكا بڵاو كراوەتەوە، ئەو توێژەرانە لە توێژینەوەیەكدا ئاشكرایان كردووە، زۆر خواردنی هێلكە و ئەگەر هەفتانە زیاتر لە سێ هێلكە بخورێت، مەترسی لەسەر مرۆڤ دروست دەكات. دروستە كە پرۆتینی زۆر لە هێلكەدا هەیە، بەڵام زۆریی ئەو پرۆتینە، كاردانەوەی نەرێنیی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت و رەنگە ببێتە هۆی مردنی پێشوەختە.

توێژەران ئەوەشیا گوتووە كە زەردێنەی هێلكە رێژەیەكی زۆری كۆلیسترۆلی تێدایە، بۆیە دەبینرێ زۆرینەی وەرزشوانان بۆ ئەوەی زیاتر بە هێز بن، رۆژانە دەیخۆن كە ئەو زۆر خواردنەی هێلكە، چاوەڕوان دەكرێ كاردانەوەی لەسەر دڵ هەبێت و دوور نییە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ و مردنی پێشوەختە.

ئەو توێژینەوەیەی كراوە، توێژەران پشكنینیان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئەمەریكایی كردووە كە تەمەنیان لە نێوان 17 تا 51 ساڵدایە و زیاتر پرسیاریان لە خواردنی هێلكە كردووە. لە ئەنجامدا دەركەتووە زۆرینەی ئەوانەی رۆژانە هێلكە دەخۆن، تووشی كێشەی دڵ بوون، هاوكات ژمارەیەكی زۆریش بەهۆیەوە تووشی جەڵتەی دڵ بوون و گیانیان لە دەست داوە.

بۆیە توێژەران هۆشداری دەدەن لەوەی هەوڵی ئەوە بدرێ كە هەفتانە زیاتر لە سێ هێلكە نەخورێت، رەنگە زۆر خواردنی ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د