شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش ناویان له لیستى شه‌هیداندا تۆمار نه‌كراوه
ئه‌شقى مه‌لا كه‌وكه‌س به‌ڕێوه‌به‌رى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانى سۆران له دیدارێكى "وشه"دا راى ده‌گه‌یه‌نێت، پێنج هه‌زار شه‌هیدى سه‌نگه‌ر و هاووڵاتى له سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان تۆمار كراوه كه رێژه‌یه‌كى زۆریان له ماڵى خۆیان مردوون یا له كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژراون و به شه‌هید تۆمار كراون.
چه‌ند شه‌هید و ئه‌نفالكراو له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانى سۆران تۆمار كراون؟
له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانى سۆران كه سنوورى هه‌رسێ شارۆكه‌ى سۆران، چۆمان و ره‌واندز به شاره‌دێیه‌كانى ئه‌و شارۆكانه‌وه ده‌گرێته‌وه، سێ هه‌زار شه‌هیدى سه‌نگه‌ر تۆمار كراون، هاوكات دوو هه‌زار شه‌هیدى هاووڵاتى و 240 ئه‌نفالمان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و ماوه‌ى كوردستان رووبه‌ڕووى جه‌نگى تیرۆریستانى داعش بووه‌ته‌وه، ده‌ڤه‌رى سۆران 127 شه‌هید و 812 بریندارى پێشكه‌شى كوردستان كردووه، له كاتێكدا 41 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى ده‌ڤه‌رى سۆران له به‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕه و خاكى پیرۆزى كوردستان له دوژمنان ده‌پارێزن.
ده‌گوترێ له نێو لیستى شه‌هیدان خه‌ڵكانێك به نادروستى كراونه‌ته شه‌هید؟
به‌ڵێ به‌داخه‌وه، له كاتى شه‌ڕى ناوخۆ و دروستبوونى دوو یه‌كه‌ی كارگێڕیی، خه‌ڵك هه‌یه له ماڵى خۆى مردووه به شه‌هید تۆمار كراوه، هه‌روه‌ها خه‌ڵك هه‌یه له كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژراوه و ناوى له لیستى شه‌هیدان هه‌یه، كه‌سانێك خراونه‌ته لیستى شه‌هیدان كه به‌ڕاستى غه‌در له شه‌هیدانى راسته‌قینه كراوه، به‌ڵام هه‌موو هۆكاره‌كان ململانێى سیاسی و دروستبوونى شه‌ڕى ناوخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه‌سانێك به نایاسایی خراونه‌ته لیستى شه‌هیدانه‌وه و مانگانه له‌گه‌ڵ كه‌سوكارى شه‌هیدانى راسته‌قینه مووچه وه‌رده‌گرن.
به دیاریكراوى چه‌ند كه‌س شه‌هید نه‌بووه و له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئێوه كراوه‌ته شه‌هید؟
ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێم پلانێك دابنێت و له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌ك به‌دواداچوون بۆ فایلى شه‌هیدان بكرێت، رێژه‌یه‌كى زۆر ناویان له لیستى شه‌هیدان ره‌ش ده‌كرێته‌وه، به‌شێكیان بۆ سه‌ر میلاكى خانه‌نشینى پێشمه‌رگه ده‌گوازرێنه‌وه و ده‌یان كه‌سیش ره‌ش ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م بابه‌ته پێویسته له سه‌ركردایه‌تییه سیاسییه‌كان ره‌زامه‌ندى وه‌ربگیرێت به تایبه‌ت هه‌ردوو لایه‌نى باڵاده‌ست پارتى و یه‌كێتى، چونكه هه‌ر فایلێكى شه‌هیدان ده‌ستى بۆ ببه‌ى پشتگیرى حزبێك یا به‌رپرسێكى حزبی تێدایه، بۆیه پێویسته به‌دواداچوونى ته‌واو به لیست و فایلى شه‌هیدان بكرێت، ئه‌م كێشه‌یه له هه‌موو كوردستان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى شه‌هیدانى راسته‌قینه جیا بكرێنه‌وه و بتوانین خزمه‌تى ته‌واوى خانه‌واده‌ى شه‌هیدان بكه‌ین.
چ هه‌وڵێكتان داوه بۆ ده‌سته‌به‌ركردن و دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ كچ و كوڕى شه‌هیدان ؟
خۆشبه‌ختانه ئه‌مساڵ به هاوكارى و قایمقامیه‌تى سۆران توانیمان هه‌لى كار بۆ 100 كوڕ و كچى شه‌هید له كه‌رته تایبه‌ته‌كان بدۆزینه‌وه، كوڕ و كچى شه‌هیدان له قوتابخانه ناحكوومییه‌كان وه‌ك مامۆستا دامه‌زراون و به‌شێكیان وه‌ك فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست، له بواره‌كانى ته‌ندروستى توانیمان خزمه‌تێكى باش و به‌رچاو پێشكه‌ش به كه‌سوكارى شه‌هیدان بكه‌ین و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ چه‌ندان پزیشك كردووه بێ به‌رامبه‌ر یاخود به داشكاندنێكى زۆر چاره‌سه‌رى كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌كه‌ن. به هاوكارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستیى سۆران توانراوه داوده‌رمان بۆ نه‌خۆشى درێژخایه‌نى كه‌سوكارى شه‌هیدان دابین بكرێت، هاوكات له بوارى په‌روه‌رده توانراوه ژماره‌یه‌كى زۆرى كورسى خوێندن له قۆناغه جیاجیاكانى خوێندن بۆ كوڕ و كچى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان دابین بكه‌ین، 60 پارێزه‌رى خۆبه‌خشمان هه‌یه كه مامه‌ڵه و ئیشوكارى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له رێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان به‌بێ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
كه‌سوكارى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش گله‌یى ئه‌وه‌یان هه‌یه ناوى شه‌هیده‌كانیان تا ئێسته تۆمار نه‌كراوه؟
به‌هۆى ئه‌و بارودۆخه ناله‌باره‌ى رووى له كوردستان كردووه و هه‌بوونى ته‌نگژه‌ى دارایی، ناوى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش تا ئێسته له وه‌زاره‌تى شه‌هیدان تۆمار نییه، به‌بڕیارێكى سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ت كه‌سوكارى شه‌هیدانى جه‌نگى داعش مووچه‌كانیان له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه وه‌رده‌گرن، هه‌رچه‌نده سۆران پشكى شێرى له قوربانیدان به‌ركه‌وتووه، جێگه‌ى خۆیه‌تى پشكى شێریش له خزمه‌تكردن به خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى ده‌ڤه‌رى سۆران بكه‌وێت.
ساڵانێكه ژماره‌یه‌ك شوقه و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له سۆران و چۆمان بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان دروست كراون، بۆچى تا ئێسته دابه‌ش نه‌كراون؟
له چه‌ند ساڵى رابردوودا ژماره‌یه‌ك شوقه‌ى نیشته‌جێبوون تایبه‌ت بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدانى سۆران و چۆمان دروست كراون، زیاد له ساڵێكه له لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێم بڕیار دراوه بدرێت به كه‌سوكارى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و بڕیاره نه‌چووه‌ته وارى جێبه‌جێكردن، له ئیسته‌دا شوقه‌كان به‌ره‌و خراپبوون ده‌چن، هه‌روا ماونه‌ته‌وه و چه‌ندان جاریش قایمقامی سۆران خۆى به‌فه‌رمى داواى كردووه یه‌كلا بكرێنه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته بێ وه‌ڵامه.
كۆمیته‌ى رێكخستنى رواندزى یه‌كێتى 164 پارچه زه‌ویى به‌سه‌ر كه‌سوكارى شه‌هیدانى سه‌ر به حزبه‌كه‌ى دابه‌ش كرد، ئێوه ئاگه‌دار بوون یان پێوه‌ندیتان به‌و بابه‌ته‌وه هه‌یه؟
له 15ى شوباتى 2017 په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له باره‌گای كۆمیته‌ی رواندزی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ وارسی 164 شه‌هید كۆ بووه‌ته‌وه و هه‌ستاوه به پێدان و دابه‌شكردنی ژماره‌ى زه‌وی به سه‌ریاندا، دابه‌شكردنی پارچه زه‌وی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان ئه‌ركی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه كه پێویسته له رێگه‌ی لیژنه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌هیدان و لیژنه‌ی شاره‌وانی دابه‌ش بكرێت، كه‌چی له باره‌گای حزب به‌بێ ئاگادارى ئێمه به مۆر و واژووی حزب ژماره‌ى زه‌وی به وارسی شه‌هیدان ده‌درێت و جیاكاری ده‌خه‌نه ناو شه‌هیدان، ئێمه وه‌ك ده‌زگه‌ى شه‌هیدان هه‌ر ئه‌وكات بێ ئاگایى خۆمان ده‌ربڕى و روونكردنه‌وه‌شمان دا، به ده‌ستێوه‌ردانى كارى حكوومى ده‌زانین و شه‌هید شه‌هیدى هه‌موو كوردستانه و موڵكى تاكه حزبێك نییه.
هیچ هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به كه‌سوكارى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش كراوه؟
تا راده‌یه‌ك هه‌ندێ له موعاناتى كه‌سوكارى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعشمان جێبه‌جێ كردووه، له رووى مادى و مه‌عنه‌وى هاوكارى كراون، له به‌رنامه‌ماندایه له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا پارچه‌یه‌ك زه‌وى و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون به‌ته‌واوى كه‌سوكارى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش بده‌ین كه گیانى خۆیان بۆ پارستنى خاك و خه‌ڵكى كوردستان به‌خشیوه.
بۆچى تا ئێسته نه‌توانراوه زه‌وى به‌سه‌ر ته‌واوى كه‌سوكارى شه‌هیدان دابه‌ش بكرێت؟
له چه‌ند ساڵى رابردوودا حه‌وت وه‌جبه‌ى زه‌وى له ده‌ڤه‌رى سۆران دابه‌ش كراوه، ئێسته‌ش بڕیار هه‌یه وه‌جبه‌ى هه‌شته‌مى زه‌وى به‌سه‌ر رێژه‌یه‌كى یه‌كجار زۆر له كه‌سوكارى شه‌هیدان دابه‌ش بكرێت و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانیش ره‌زامه‌ندى داوه، دڵنیام به پێدانى وه‌جبه‌ى هه‌شت، هیچ كه‌سوكارێكى شه‌هیدان له ده‌ڤه‌رى سۆران و چۆمان و ره‌واندز نامێنێت كه زه‌وییان پێ نه‌درێت.
سۆران- مورشید برادۆستى