كتێبی "دیپلۆماسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان 1917 - 2017" چاپ و بڵاو كرایەوە

:: PM:03:42:23/11/2021 ‌
کتێبێکی نوێی بواری سیاسی و دیپلۆماسی چاپ و بڵاو کرایەوە کە لە کاریگەری 100 ساڵ ململانێیە نیودەوڵەتییەکان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان، کۆڵیوەتەوە. 

ناوی کتێبەکە  بریتییە لە "دیپلۆماسی لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە نێوان ساڵەكانی 1917 بۆ 2017 "  کە لە لایەن ژیوار رەسووڵی رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی نووسراوە.

رۆڵ و كاریگەری بزاڤی كوردی رۆژھەڵاتی كوردستان لەسەر ئەو ململانێ نێودەوڵەتییانە ڕوون دەكاتەوە


ئەو  بۆ "وشە" ئاماژەی دا بەرهەمەکەی باس لە نزیكەی 100 ساڵ ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژی وڵاتانی جیهان لە ناوچەکە دەکات و رۆڵ و كاریگەری بزاڤی كوردی رۆژھەڵاتی كوردستان لەسەر ئەو ململانێ نێودەوڵەتییانە ڕوون دەكاتەوە.  کتێبەکە 592 لاپەڕەیە، 500 دانەی لێ چاپ کراوە و چاپخانەی رۆژهەڵات لە هەولێری پایتەخت چاپی کردووە.

وەک زیاتر خستیە ڕووم، پێشەكی كتێبەكە لە لایەن عەزیز ماملێ نووسراوە كە لە سەرەتاكانی شۆرشی گەلانی ئێران، نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە فڕەنسا بووە و لە نزیكەوە ئاگاداری بەشێك لە پێوەندییە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە بووە. 
 
رەسووڵی لە پێشەكی كتێبەكەیدا نووسیویەتی نوخبەی سیاسی كورد لە بەشێك لە رووداوەكاندا دەیتوانی رۆڵێكی كاریگەرتر بگێرێت بۆ ئەوەی وڵاتە زڵھێزەكان ئاوری لێ بدەنەوە، بەڵام  لە ھەندێك قۆناغدا كورد توانای ئەوەی نەبووە، كاریگەری لەسەر پرسە سیاسییە نێودەوڵەتییەكان دابنێت.

بە بۆچوونی نووسەر، كورد دەیتوانی و ئێستەیش دەتوانێ لەرێی شێوازی نوێی دیپلۆماسی، لە پرسە نێودەوڵەتییەكاندا رۆڵ بگێرێت و بۆ ئێستە و داھاتوو لۆبی خۆی بكات.


وشە - سلێمان تاشان