ئەو شەش خۆراكەی بۆ تەندروستی چاو باشن

:: PM:09:01:23/11/2021 ‌

چاوەكان تاكە دەروازەی بینین مرۆڤن بۆ دنیای دەرەوە، ئەوكات بەهایان دەزانرێ كە تووشی كێشە دەبن، بە چوونە ناو تەمەن یان بەهۆكاری تری وەك زۆر مانەوە لەسەر شاشەی كۆمپیتەر و مۆبایل زیانیان پێ دەكات، بۆیە پێویستە پارێزگاری لە تەندروستی چاو بكرێت و پشكنینی بەردەوامیان بۆ ئەنجام بدرێت.

یەكێك لە هۆكارەكانی پاراستنی چاو، سیستمی تەندروستی خۆراكە، یان ئەو سیستمەی بە خۆراكە بەسوودەكان بۆ چاو و بینین دەوڵەمەندن، رۆژنامەی "ئێكسپرێس"ی بەرتانی باسی شەش خۆراكی بەسوود بۆ تەندروستی چاو دەكات، كە وا باشترە بیانخەیتە ناو سیستمی خۆراكی رۆژانەتەوە.
كەمی ئەو ڤیتامین ئەی شەوكوێری دروست دەكات
ماسی، بەهۆی ئەوەی بە ترشی چەوری ئۆمێگا3ەوە دەوڵەمەندە، پارێزگاری لە تۆرینەی چاو دەكات و بینین باشتر دەكات، رێگریش لە گلوكۆما دەكات، دەكرێت ئەو مادەیە وەك تەواوكاری خۆراك وەر بگیرێت، هێلكە، زەردێنەی هیڵكە بە ڤیتامین ئەی و لووتین و زیاكسانسین و زنك دەوڵەمەندە، ڤیتامین ئەی كۆرینییە دەپارێزێ و زنكیش بینینی شەوانە باشتر دەكات.  

گێزەر، بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆری ڤیتامین ئەی و بێتا كارۆتین، هەردووكیان بۆ تەندروستی چاو باشن، پێویستە گێزەر بخورێت، هاوكات كەمی ئەو ڤیتامینە شەوكوێری دروست دەكات، بادەم، رێژەیەكی زۆری ڤیتامین ئی تیادایە كە بینین باشتر دەكات و مەترسی تووشبوون بە لێڵبوونی هاوێنەی چاو كەم دەكاتەوە.

كەلەرم، رێژەیەكی زۆر دژەئۆكسێنەری تیادایە لەوانە لوتین و زیاكسانسین، كە مەترسی نەخۆشییەكانی چاو كەم دەكەنەوە، پرتەقال، بە ڤیتامین سی دەوڵەمەندە و ئەویش سوودی بۆ تەندروستی چاوە هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل