"پەتاتەی ژەهراوی بە بازاڕەكانی كوردستاندا بڵاو دەبێتەوە"

:: PM:03:05:24/11/2021 ‌
جۆرە پەتاتەیەك هێنراوەتە عەلوەكانی كوردستان كە گومان دەكرێ ژەهراوی بێت. وەزارەتی كشتوكاڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتییەكانی كشتوكاڵی راسپاردووە بەدواداچوون بكەن، لیژنەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و قایمقامییەتی شارەكەش، نموونەی پەتاتەكەیان بردووە بۆ ئەوەی پشكنینی بۆ بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی تشرینی دووەم، بارزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجوومەن و لیژنەی قایمقامییەتی سلێمانی، سەردانی عەلوەی سلێمانییان كرد، جۆرە پەتاتەیەك هێنراوەتە عەلوەی سلێمانی كە ژەهراوی و كوشندەیە و بۆ خواردن شیاو نییە، وەك ئەوە وایە شێرپەنجە بڵاو بكەیتەوە.

ئەو گوتی، پەتاتەكە 10 هەزار تۆن دەبێت و لە بەردەڕەش بەرهەم هاتووە، لە ساردكەرەوە هەڵگیراوە، بەشێكی هاتووە بۆ سلێمانی و بەشەكەی تری بۆ هەولێر و ناوچەكانی تر چووە و لە دوای بڕیاری قەدەغەی هاوردەی پەتاتە خراوەتە بازاڕەوە، بەڵام ژەهراوییە و هەر بە سەیركردنی دەزانرێ ئەو پەتاتەیە خراپە.

ئەو بە پێویستی دەزانێ هاووڵاتییان هۆشیار بن و بەكاری نەهێنن، نموونەكەشی براوە بۆ تاقیگە بۆ مەبەستی پشكنین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی عەلوەی سلێمانی پەتاتەی تری تێدا نییە، خەڵك ناچارن بیكڕن.

وەك زیاتر خستیە ڕوو، پەتاتەكە چەكەرەی كردووە و رەنگ و تام و بۆنی گۆڕاوە، دۆخەكە ئەوە دەخوازێت لایەنە پێوەندیدارەكان رێكاری یاسایی بگرنەبەر و ئەو پەتاتەیە لە بازاڕدا كۆ بكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاکان راسپێردراون تا بۆ ئەو پرسە بەدواداچوون بکەن


هاوكات حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی لە كێشەیەكی هاوشێوە ئاگادار كراونەتەوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر و دهۆكیان ئاگادار كردووەتەوە بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێك بهێنن، لە وردەكارییەكانی پرسەكە بكۆڵنەوە و بزانن تا چەند شتی وا لە بازاڕەكاندا هەیە و رێكاری پێویست  بگرنەبەر.

ئەو روونی كردەوە، لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كۆگای تایبەتیی ساردكەرەوە هەن كە پەتاتەیان تێدا  هەڵدەگیرێت و بە ستاندارد دروست كراون، هەرچەندە ناتوانن پێداویستی هەموو كوردستان لە چوار وەرزدا دابین بكەن.

وەك زیاتر خستیە ڕوو، هەموو ئەو پەتاتەیەی لە بازاڕەكانی كوردستاندایە، بەرهەمی ناوخۆیە و بڕیار بوو لە 15ی ئەم مانگە رێ بە هاوردەكردنی پەتاتە بدرێت، بەڵام دواتر ئاگادار كرانەوە كە لە پارێزگای دهۆك بەرهەمی پەتاتە  هێشتا زۆرە و بەشی پێداویستییەكان دەكات، بۆیە تا ئەوكاتەی بەرهەمی ناوخۆ بەشی پێداویستییەكان بكات، رێ بە هاوردەی پەتاتە لە دەرەوە نادەن و هەر كاتێك زانییان پەتاتە كەمی كردووە و خەریكە نرخ بەرز دەكاتەوە، رێ بە هاوردەی بەرهەمەكە لە چوارچێوەی مەرج و رێنوێنییەكانی وەزارەت دەدەن.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان