دوێنێ سێشەم لەكاتی خۆپێشاندانی خوێندكاران، سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كرا و ژمارەیەك خۆپێشاندەر ئاڵای كوردستانیان لەسەر شەقام راخستبوو و سووكایەتییان پێ كرد، لەكاتێكدا ئەو كارە پێچەوانەی بەها نەتەوایەتی و نیشتمانییەكانە.
سارا چاوشلی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، دوێنی لە كاتی خۆپێشانداندا سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كراوە، ئاڵای كوردستان هێمایەكی پیرۆز و نیشتمانییە و بە خوێنی ھەزاران شەھیدی كوردستان ھاتووەتە كایەوە، گەلی كوردستان لەژێر چەتری ئەم ئاڵایە خەبات و شۆڕشی كردووە بەرانبەر دوژمنان و ناحەزانی گەلی كوردستان.
ئاڵای كوردستان ئاڵای كورد و گشت پێكھاتەكانە
ئەو هەروەها گوتی، "ئاڵای كوردستان ئاڵای كورد و گشت پێكھاتەكانە، ئێمەی توركمان تووڕەین و ناڕەزایی خۆمان دەردەبرین بەرانبەر ئەو سووكایەتییەی بە ئاڵای كوردستان دەكرێت، ئەو جۆرە سووكایەتیكردنە بە ئاڵای كوردستان خزمەت بە دوژمنانی گەلەكەمان دەگەیەنێ، ئاڵا پیرۆزی خۆی هەیە و سیمبۆلی وڵاتە.
خوپێشاندان مافێكی سروشتی مرۆڤە و مافی هەموو هاووڵاتییەكە، نابێ لە ئامانجە سەرەكییەكەی خۆی لابدات، داواكردنی ماف نابێ ببێتە هۆكاری سووكایەتیكردن بە سیمبۆلی گەل و نیشتمان، ئەوانەی ئەو هەڵەیان كردووە، پێویستە بە یاسا سزا بدرێن، هەروەها داوای لێبوردن لە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن.
وشە/ هوشیار عەلی