ریال مه‌درید كۆتایی به‌ سه‌ركێشییه‌كانی شیریف هێنا

:: AM:01:28:25/11/2021 ‌
یانه‌ی ریال مه‌درید تۆڵه‌ی خۆی له‌ یانه‌ی شیریف تیراسپۆلی مۆڵدۆڤایی كرده‌وه‌ و له‌ گه‌یشتن به‌ قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ بێ هیوای كرد.

ئه‌مشه‌و "چوارشه‌م 24ی تشرینی دووه‌م" له‌ گه‌ڕی پێنجه‌م و پێش كۆتایی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به‌ ئه‌نجامی 3-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی شیریف تیراسپۆلی مۆڵدۆڤایی برده‌وه‌.

شیریف ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداریی له‌ چامپیۆنزلیگ كرد و له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌نجامی سه‌رنجڕاكێشی تۆمار كرد، له‌ یاریی چووندا توانی له‌ ناو مه‌درید له‌ ریال مه‌درید بباته‌وه‌ به‌ ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ، هه‌روه‌ها به‌ 2-0 گۆڵ له‌ شاختاری برده‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌مشه‌و ریال مه‌درید تۆڵه‌ی خۆی لێ كرده‌وه‌ و وانه‌یه‌كی به‌پێزی پێدا.

گۆڵه‌كانی ریال مه‌درید، داڤید ئالابا، تۆنی كرووس و كه‌ریم بنزێما تۆماریان كرد.

ریال مه‌درید به‌م بردنه‌وه‌یه‌ گه‌یشتنی به‌ قۆناغی 16 مسۆگه‌ر كرد، به‌ڵام له‌ یاریی داهاتوو له‌گه‌ڵ ئینته‌رمیلان ركابه‌ریی له‌سه‌ر گرتنی پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ یانه‌ی شیریف تراسپۆل پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد و به‌شداریی یۆرۆپالیگ ده‌كات، دوایارییشی له‌ چامپیۆنزلیگ له‌گه‌ڵ شاختاری ئۆكڕاینی ده‌بێت.



وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا