هەڵمەتی 16 ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەست پێ‌ دەكات

:: AM:09:15:25/11/2021 ‌
لە سەرانسەری دنیادا ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە. لە هەرێمی كوردستانیشدا هەڵمەتی 16 ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەست پێ‌ دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی تشرینی دووەم، ڕۆشنا فەریق چالاكی بەرگری لە مافەكانی ژنان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەشێوەیەكی جیاواز بەڕێوە دەچێت.

هیوایەك هەیە كە ئەو هەڵمەتە هەموو ئاست و چین و توێژەكان بگرێتەوە
ئەو چالاكە گوتی، هەڵمەتەكە لە تەواوی شار و شارۆكەكان و فەرمانگەكان دەكرێ‌، هیوایەك هەیە كە ئەو هەڵمەتە هەموو ئاست و چین و توێژەكان بگرێتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی هەموومان لە ئاست بەرپرسیاریەتییەك بین، ئەویش بریتییە لە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.

باسی لەوەش كرد، ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمساڵ بە دروشمی "جیهان پرتەقاڵی بكە كۆتایی بەتوندوتیژی دژی ژنان بێنە" دەستی پێ‌ كردووە و بۆ ماوەی 16 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە 25ـی تشرینی دووەم، بۆ ماوەی چەندان ڕۆژ چەندان چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن، ئامانجیش لەو چالاكییانە نەهێشتنی توندوتیژییە دژی ژنان.




وشە - رامیار جەواد