پەیامێكی گرنگ لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

:: AM:10:34:25/11/2021 ‌

 

 

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و دەستپێكردنی هەڵمەتێكی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێكی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای دەگەیەنێت، لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێكردنی هەڵمەتێكی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیكردنی مافەكانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاكارییەكی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەكەینەوە.

سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار دەكات لەپێناو ڕەخساندنی زەوینەیەكی لەبار كە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بكەن، بەشێوەیەك بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەك بكەرێكی سەرەكی لە كۆی كایەكانی كۆمەڵگای كوردستاندا بەشدار بن. حكوومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان و بەهێزكردنی پێگەیان لەناو حكوومەت و كۆمەڵگە، پەرەپێدانی كولتووری ڕێزگرتن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاكارییەك لەسەر بنەمای ڕەگەز.

"بۆیە داوا لە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەكانی ناو حكوومەت و دەرەوەی حكوومەت، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئاینییەكان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەم كە هاوكار و یارمەتیدەری حكوومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی، هوشیاری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە كۆمەڵایەتییە نەشیاوەكان بگێڕن، چونكە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەركی هەموو كۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان كار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بكەین"، لە پەیامەكەی مەسروور بارزانی هاتووە. 

لە كۆتادا ڕای دەگەیەنێت، ئومێدەوارم هەرێمی كوردستان بە هاوكاری هەموو لایەك، نموونەیەكی گەشی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەك بێت، بەتایبەت توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر. 



 

 



وشە - رامیار جەواد