ئەمساڵ ژنان 10 هەزار سكاڵایان لە دژی پیاوان تۆمار كردووە

:: AM:11:00:25/11/2021 ‌
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی كوردستان، لەمساڵدا حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زیادی كردووە و بە دەیان ژن خۆیان كوشتووە یان خۆیان سوتاندووە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەك ژن كوژراون و سووتاون، ژمارەی سكاڵاكانیش لە دژی پیاوان بەرز بووەتەوە .

بەپێی ئەو ئامارەی كە دەستی "وشە" كەوتووە، حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن و خۆسووتاندنی ژنان و حاڵەتەكانی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر ژنان لەلایەن پیاوانەوە زیادی كردووە، هەروەها سكاڵاكردنی ژنان بەهۆی توندوتیژی بەرانبەریان زیادی كردووە، نزیكەی 10 هەزار سكاڵا لە نووسینگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان تۆمار كراون.
40 دەستدرێژیی سێكسی تۆمار كراوە
 
لە ئامارەكەدا هاتووە تا مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، لە هەولێر سێ حاڵەتی كوشتن، 13 حاڵەتی خۆكوشتن، سێ حاڵەتی سووتان، 20 حاڵەتی خۆسووتان، 40 دەستدرێژیی سێكسی تۆمار كراوە، هەروەها سێ هەزار و 941 سكاڵاش لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە.
 
لە دهۆك 19 حاڵەتی كوشتن، 24 حاڵەتی خۆكوشتن و دوو حاڵەتی سووتان، هەروەها 16 حاڵەتی خۆسووتاندن و 39 دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر ژنان و كچان تۆمار كراوە، لەگەڵ دوو هەزار و 425  سكاڵا لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە.
 
لە سلێمانیش دوو حاڵەتی كوشتنی ژنان هەبووە، هەروەها شەش حاڵەتی خۆكوشتن و یەك حاڵەتی سووتان و حەوت حاڵەتی خۆسووتاندن، لەگەڵ 17 دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر ژنان، دوو هەزار سكاڵایش لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان هەبووە.
 
لە ئیدارەی گەرمیان یەك حاڵەتی خۆكوشتن، یەك حاڵەتی سووتان، دوو حاڵەتی خۆسووتاندن و یەك دەستدرێژیی سێكسی هەبووە، لەگەڵ 728 سكاڵا كە لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە. لە ئیدارەی ڕاپەڕینیش یەك حاڵەتی كوشتن، یەك حاڵەتی خۆكوشتن، دوو حاڵەتی خۆسووتان لەگەڵ 306 سكاڵا هەبووە، بەڵام هیچ حاڵەتێكی دەستدرێژیی سێكسی نەبووە. لە شارۆكەی سۆرانیش یەك حاڵەتی سووتانی، یەك خۆكوشتن، ژنان هەبووە لەگەڵ شەش حاڵەتی خۆسووتاندن، شەش دەستدرێژیی سێكسی هەبووە لەگەڵ 212 سكاڵای ژنان دژی پیاوان.
 
بەپێی ئامارەكەی توندوتیژی دژ بە ژنان، حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن و سووتان و خۆسووتاندن و دەستدرێژی سێكسی و سكاڵاكان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیان كردووە، چونكە ساڵی رابردوو نەتوانراوە حاڵەتەكان تۆمار بكرێن بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو كۆرۆنا هەبوو، ماوەیەكی زۆر دەوامی فەرمانگە و شوێنەكان راگیرا.
 
ئارەش فازڵ پارێزەر و مافناس، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەموو كۆمەڵگەیەك توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هەیە و بە پێچەوانەشەوە، هەتا ژن و پیاو هەبن، توندوتیژیش بەردەوام دەبێ، بەڵام بەپێی ناوچەكە و شێواز و جۆری توندوتیژییەكە دەگۆڕێت، ئەمەش پێوەستە بە ئاستی وشیاری ژن و پیاو لە كۆمەڵگەی ئێمە، هەر جۆرە توندوتیژییەك بۆ سەر ژنان كارێكی ناڕەوایە.
 
دوای ئەوەی پشكنین دەكرێت، لە كاتی پشتڕاستكردنەوە دواتر تۆمار دەكرێت.


ئەوەشی گوت، توندوتیژی هیچ كات بنبڕ ناكرێت، بەڵام دەكرێ بۆ ئەوەی كۆمەڵگا وشیار بكرێتەوە، باشتر ئەوەیە لایەنە پێوەندیدارەكان بەردەوام لە رێی كۆڕ و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری كار بكەن، راگەیاندنیش ئەركی لەسەرە بتوانێ كۆمەڵگا هۆشیار بكاتەوە.
 
هیوا كەریم گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو حاڵەتانەی توندوتیژی كە تۆمار دەكرێن، سەرەتا لیژنەكان بەدواداچوون دەكەن و ئەو حاڵەتانەی ڕوویان داوە تۆماری دەكەن، هەروەها بۆ حاڵەتەكانی دەستدرێژیی سێكسی، لیژنەی تایبەتمەند دوای ئەوەی پشكنین دەكرێت، لە كاتی پشتڕاستكردنەوە دواتر تۆمار دەكرێت.
 
ئەو پێی وایە حاڵەتەكانی تری كوشتن و خۆكوشتن و سووتان و خۆسووتاندنی ژنان، لەلایەن پۆلیسەوە تۆمار دەكرێن، سكاڵای ژنانیش بەردەوام لە رێی بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی ئەوان تۆمار دەكرێن .

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان