610 کۆچبەری تری بیلاڕووسیا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هەرێمی کوردستان

:: PM:11:09:25/11/2021 ‌
ئەمشەو دوو كاروانی کۆچبەرانی کورد لە بیلاڕووسیاوە دەهێنرێنەوە هەرێمی کوردستان، كه‌ ژماره‌یان 610 كه‌سه‌، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستانیش لەو بارەوە زانیاری دەخاتەڕوو.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو بە دوو گه‌شت کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی بیلاڕووسیاوە دەهێنرێنەوە هەرێمی کوردستان و ژمارەشیان زیاتر لە 600  کۆچبەرە.

هەروەها گوتی، سەرجەمی ئەو کۆچبەرانە کوردی هەرێمی کوردستان و لە داهاتووشدا گەڕانەوەی کۆچبەران بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پێوەندییەکان و رەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ "وشە" گوتی، بڕیاربوو رۆژی رابردوو ئەو کۆچبەرانە بهێنرێنەوە، بەڵام کێشەی تەکنیکی روویداو نەتوانرا بگەڕێنرێنەوە.

گوتیشی، زیاتر لە هەزار و 500 کۆچبەر خۆیان تۆمارکردووە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە رۆژانی داهاتوو دەگەڕێنرێنەوەو رەنگە ژمارەی کۆچبەرانی کورد بە 10 كاروان تەواو بکرێن و سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ی ناوی خۆیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ تۆمار كردووه‌، بگه‌نه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - باز ئه‌حمه‌د