"سوکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان و پیرۆزییەکان ڕێ پێدراو نییە"

:: PM:09:47:26/11/2021 ‌
سوکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان لە چوارچێوەی پیرۆزییەکانی وڵات، کارێکی ڕێ پێدراو نییە و ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن سزا دەدرێن، سەرۆکی لیستی میللەت دەڵێت، هەر کەس بێڕێزی بکات پێوەندی بە پەروەردەکردنەوە هەیە.

ئەمڕۆ هەینی 26ی تشرینی دووەم، ئازاد ئەکرەم سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستانن بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ئاڵا پیرۆزی وڵاتە، هەر گەل و میللەتێک بە ئاڵاکەی ناسراوە و خاوەنی ئاڵای خۆیانن، کورد و کوردستان خاوەنی ئاڵایەکن کە لە چەندان ساڵی ڕابردوو کار قورس و قوربانی دراوە تا گەیشتووه‌تە ئەمڕۆ.

هەروەها گوتی، هەر سوکایەتی و بێڕێزییەک بە ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەکردنی ئەو کەس و لایەنە، تا ئێسته‌یش کەس و لایەن هەیە قەوارەی هەرێم لا قەبوڵ نییە، سوکایەتی و بێڕێزیکردنیش بە ئاڵای کوردستان دەکەن، هەر جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێک نابێت سەر بکێشێت بۆ کاری خراپ کە بێڕێزی بێت.

باسی لەوەکرد، سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان ڕێ پێدراو نییە، میللەتی کورد چەندان نشێوی و ناڕەحەتی بینیووە لە پێناو ئەو ئاڵایە، هەر جۆرە پێشێلکارییەک بەرانبەری یەکسانە بە بێڕێزی بە ئاڵا.

وشە/ تایبەت


وشە - محەمەد میران