خۆپێشاندانەكانی ئێران توندوتیژی لێ دەكەوێتەوە

:: AM:11:23:27/11/2021 ‌
نزیكەی سێ هەفتەیە خۆپێشاندانی جووتیاران لە ئیسفەهان و چەند پارێزگایەكی تری ئێران بەردەوامە، پۆلیس دەیەوێت بە زۆر بڵاوە بە خۆپێشاندانەكە بكات، بۆیە شەڕ و توندوتییژی لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران هاتووەتە كایەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران بڵاو كراونەتەوە، چەندان حاڵەتی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران تۆمار كراوە و 120 كەس لە خۆپێشاندەرانیش گیراون.

ئامانجی سەرەكی خۆپێشاندەران ئەوەیە، حكوومەت بە گرتنەبەری رێكاری گونجاو، رێگری لە زیاتر وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاو بكات و ئاو بۆ رووباری زایندەڕوود بگەڕێنرێتەوە.

شەوی رابردوو خۆپێشاندەران دروشمی "مردن بۆ دیكتاتۆر"یان بەرز كردەوە، لە چەندان شوێن وێنەی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانیان سووتاند.
وێڕای ئاشكراكردنی گرتنی 120 خۆپێشاندەر، ئاماژەی داوە لەوانەیە سێ كەس لە خۆپێشاندەران كوژرابن.

رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای ئاشكراكردنی گرتنی 120 خۆپێشاندەر، ئاماژەی داوە لەوانەیە سێ كەس لە خۆپێشاندەران كوژرابن.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، تێكهەڵچوونی خۆپێشاندەران و پۆلیس دوای ئەوە دەستی پێ كرد، كە پۆلیس ویستی رێگری لە چوونی جەماوەری زیاتر بۆ گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكە بكات.

ئێران هاوشێوەی خۆپێشاندانەكانی رابردوو، خێرایی ئێنتەرنێتی دابەزاندووە تا وێنە و گرتە ڤیدیۆكان بە ئاسانی بڵاو نەكرێنەوە.


وشە - سلێمان تاشان