ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانی لاوی ریال مه‌درید، وه‌ڵامی هه‌وڵه‌كانی پاریس سانجێرمانی دایه‌وه و رای گه‌یاند، ئه‌و عاشقی ریال مه‌دریده و ده‌یه‌وێت له‌وێدا بمێنێته‌وه.
له رۆژانی رابردوودا هه‌واڵی گه‌رم بڵاو كرایه‌وه، كه یانه‌ی پاریس سانجێرمان ده‌یه‌وێت ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبه‌ری لاوی ریال مه‌درید بباته ریزه‌كانییه‌وه، وه‌ك شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ رۆیشتنی كیلیان ئیمباپێ له یانه‌كه‌یاندا.
ڤینیسیۆسی به‌ڕازیلی ئه‌م وه‌رزه به‌هره‌كانی ته‌قینه‌وه و ئاستێكی زۆر به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات، له 19 یارییدا له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان 11 گۆڵی تۆمار كردووه و 7یشی دروست كردووه.
جۆنیۆر بۆ رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی قسه‌ی كردووه و ده‌ڵێت: "من عاشقی ریال مه‌دریدم، ده‌مه‌وێت ماوه‌یه‌كی زۆر له‌وێدا بمێنمه‌وه و مێژوویه‌ك له‌و یانه‌یه‌دا دروست بكه‌م".
گوتیشی: "ئه‌و كاته‌ی له به‌ڕازیل یارییم ده‌كرد، گۆڵكار و باشترین یاریزان بووم، نازناویشمان برده‌وه، باوكم پێی گوتم ریال مه‌درید به تۆ سه‌رسامن، خه‌ریك بوو شێت ده‌بووم، هه‌فته‌یه‌كی به‌سه‌ردا چوو، هه‌واڵیان پێدام دوو رۆژم له‌به‌رده‌مه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌م بۆ چوونه مه‌درید، خه‌وم لێ نه‌ده‌كه‌وت و نه‌مده‌توانی هه‌واڵ بده‌مه هاوڕێیه‌كانم، به‌ڵام دواجار بڕیارێكی دروستم دا".
لێدوانه‌كه‌ی ڤینیسیۆس وه‌ك وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو بۆ هه‌واڵه‌كانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان، كه ئه‌و نایه‌وێت ریال جێ بهێڵێت.
چاودێران پێیان وایه ئه‌م هه‌وڵه‌ی پاریس بۆ گواستنه‌وه‌ی جۆنیۆر، وه‌ك هێرشێكی پێچه‌وانه‌یه بۆ سه‌ر ریال مه‌درید، كه ماوه‌یه‌كی زۆره هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كیلیان ئیمباپێی هێرشبه‌ری پاریس ده‌دات و پێده‌چێت هاوینی ئه‌مساڵ یاریزانه‌كه پێوه‌ندیی به ریال مه‌دریده‌وه بكات.