هێزەكانی ئێران و چەكدارانی تالیبان رووبەڕووی یەكتر بوونەوە

:: PM:07:04:01/12/2021 ‌

وەك پێشبینی دەكرا كە نەیاریی ئێرانی توندڕۆی شیعە و تالیبانی توندڕۆی سوننە بگاتە ئاستی بەریەككەوتن و تەقینەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم چەكدارانی تالیبان و پاسەوانانی سنووری ئێرانی بە چەكی قورس لە سنوورەكانی باشووری ئەفغانستان رووبەڕووی یەكتر بوونەوە.

بەپێی هەواڵەكان، شەڕەكە لە ناوچەی كەنج لە ویلایەتی نیمرووز لە باشووری ئەفغانستان رووی داوە، چەند تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەلایەن خەڵكی ناوچەكە بڵاو كراونەتەوە، كە دەری دەخەن هەردوولا بە چەكی سووك و قورس بەشەڕ دێن.
تا ئێستە هۆكاری رووبەڕووبوونەوەكە دیار نییە
بەپێی قسەی خەڵكی ناوچەكە، بزووتنەوەی تالیبان داوای لە دانیشتووانی ناوچەكە كردووە بەپەلە خانووەكانیان جێ بێڵن، لەوكاتەی پاڵپشتی زیاتری سەربازی گەیشتووەتە سنوورەكانی ئەفغانستان و ئێران، ئەگەرچی هۆكاری ئەو رووبەڕووبوونەوە تا ئێستە دیار نییە، بەڵام دیار ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی گوتی رووداوەكە بەهۆی هەڵە لێكگەیشتنەوە بووە.

ئەوە لەوكاتەی چەند لاپەڕەیەكی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، باسی ئەوەیان كرد كە چەكدارانی بزووتنەوەكە كۆنترۆلی ژمارەیەك خاڵی پشكنینی سەربازی سەر بە پاسەوانانی سنووری ئێرانیان كردووە.

شایەنی باسە بزووتنەوەی تالیبان لە 15ی ئابی ئەمساڵ كۆنترۆلی كابوولی پایەتەختی ئەفغانستانی كرد، ئەوەیش دوای كشانەوەی سەربازیی ئەمەریكا و هاو پەیمانی ناتۆ، كە ماوەی 20 ساڵ لەوێن، بەهۆی كشانەوەی ئەوانیش حكوومەتی ئەفغانستان نەیتوانی خۆی رابگرێ و تەواوی وڵاتەكە بە دۆڵی پانجشیریشەوە كەوتە دەستی بزووتنەوەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل