بۆ رێگرتن لە گرانبوونی نرخ دوو بەشە ئارد بەسەریەكەوە دابەش دەكرێت

:: PM:09:45:01/12/2021 ‌

وەزارەتی بازرگانی عێراق چەند ساڵێكە بڕیاری داوە لە ساڵێكدا تەنیا هەشت بەشە ئارد بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكات، بۆ ئەمساڵ دابەشەكردنی ئەو بەشە ئاردە كۆتای هاتووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردی بازرگانی لە بازاڕەكاندا، بڕیارە دوو بەشە ئاردی تر بەسەریەكەوە دابەش بكرێت.

نرخی ئاردی بازرگانی لە بازاڕدا بەرزبوونەوەی تۆمار كرد و بە شێوەی دوو هێندە نرخەكەی گران بوو، ئەمەیش وای كرد گرفت بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان دروست بێت، بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانیش دەڵێت، دەستمان بە دابەشكردنی بەشە ئارد كردووە و دوو بەشە ئاردی تر دابەش دەكرێت، ئەوەیش نرخی ئارد لە بازاڕ دادەبەزێنێت.

نەسرین محەمەد، بەڕێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی ئاشەكانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق چەند ساڵێكە بڕیاری داوە بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان لە ساڵێكدا تەنیا هەشت بەشە ئارد دابەش بكات، واتە بۆ هەر 45 رۆژ جارێك بەشە ئارد دابەش بكرێت، چەند ساڵێكە بەو جۆرە ئارد دابەش دەكرێت.

ئەوەشی گوت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی ئاردی بازرگانی لە بازاڕدا نرخەكەی بەرز بووەتەوە، ئەمەیش گرفتی دروست كرد، بەتایبەتی بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان، بۆیە داوامان كرد تا نرخی ئاردی بازرگانی لە بازاڕەكاندا دابەزێ و رێگری لە زیاتر گرانبوونی بكرێت، بەشە ئاردی تر دابەش بكرێت، وەزارەتی بازرگانیش بڕیاری دا بۆ ئەمساڵ دوو بەشە ئاردی تر دابەش بكات.
گەنم رەوانەی ئاشەكان كراوە ئاردەكە رەوانەی بریكارەكان دەكرێ و ئەم دوو رۆژە دەست بە دابەشكردن دەكرێت
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی روونی كردەوە، هەرچەندە دابەشكردنی بەشە ئاردی ئەمساڵ كۆتای هاتووە و هاووڵاتییان هەشت بەشە ئاردیان وەرگرتووە، بەڵام دوو بەشە ئاردی تر لەسەرووی پشكی خۆیان دابەش دەكرێت، گەنم رەوانەی ئاشەكان كراوە و كراوە بە ئارد و رەوانەی بریكارەكان دەكرێ و ئەم دوو رۆژە دەست بە دابەشكردنی ئارد دەكەین، لە دوای تەواوبوون، دووبارە دەست دەكەینەوە بە دابەشكردنی بەشێكی تر، كە وەك بەشە ئاردی مانگی ئەیلوول و تشرینی دووەم حسابی بۆ دەكرێت.

نرخی ئاردی بازرگانی پێش ئەوەی گران بكرێت لە بازاڕەكاندا، لە نێوان 23 بۆ 25 هەزار دینار بوو، ئەو ئاردەی كە نانەواخانەكان و سەموونخانەكان بەكاری دێنن بۆ كاری رۆژانە، بەڵام ئێستە نرخەكەی بۆ 38 تا 42 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، ئاردی بەشە خۆراكیش لە 13 هەزارەوە بۆ 23 هەزار دینار گران بووە.

لای خۆیەوە سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دابەشكردنی ئەو دوو بەشە ئاردە لە سەرووی پشكی مانگانە، بۆ ئەوەیە تا نرخی ئاردی بازرگانی لە بازاڕەكان دابەزێت، چونكە نرخەكەی لە بەرزبوونەوە بوو و گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.

باسی لەوەیش كرد، دابەشكردنی بەشە ئارد راستەوخۆ كاریگەری لەسەر نرخی بازاڕ دەبێ و نرخەكە دادەبەزێنێت، پارێزگای سلێمانی مانگانە بۆ یەك بەشە ئارد 23 هەزار تۆن گەنمی پێویستە، هەموو هەرێمی كوردستان زیاتر لە 55 هەزار تۆن گەنمی پێویستە بكرێت بە ئارد و دابەش بكرێت.

"نرخی ئاردی بەشە خۆراك لە بازاڕدا 23 بۆ 25 هەزار دینارە، ئاردەكە كوالێتی زۆر باشە و هیچ گرفتێكی نییە، لیژنە بەكاری هێناوە، گونجاوە بۆ نانكردن، داوایش لە هاووڵاتییان دەكەین بە قسەی بازرگانەكان تێ نەكەون و ئاردەكە بەكار بێنن، ئاردی توركی لە بازاڕدا 42 هەزار دینارە، جۆری داس، كە هی هەولێرە بە 38 هەزار دینارە، قەیوان بە 38 هەزار و  500 دینارە، رووسی بە 36 هەزار دینارە"، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وای گوت.

لای خۆیەوە شاهۆ جەعفەر، خاوەنی نانەواخانە لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە بازاڕدا نرخی یەك فەردە ئارد لە جۆری توركی بە 42 هەزار دینار و هەندێكجار بە 43 هەزار دینار دەكڕین، هەركات بازرگانەكان بزانن ئارد درەنگ دابەش دەكرێت، كەمێك نرخەكەی گران دەكەن، هەربۆیە دابەشكردنی بەشە ئارد راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاردی بازاڕ دەبێت، چونكە ئەو كات كەمتر خواستی لەسەرە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەوەیش وا دەكات نرخی دابەزێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل