ئەمەریكا مۆڵەتی كڕینی كارەبا لە ئێرانی بۆ عێراق درێژ كردەوە

:: PM:03:52:04/12/2021 ‌
بەپێی هەندێك بەڵگە ئاشكرا بووە، حكوومەتی بایدن لە بەرەبەری دەستپێكردنەوەی دانوستانە ناوكییەكان، مۆڵەتی كڕینی كارەبا لە ئێرانی بۆ عێراق درێژ كردووەتەوە.

زانیارییەكە لەلایەن واشنتن فری بیكەن بڵاو كراوەتەوە و بەگوێرەی رادیۆ فەدا، مۆڵەتەكە لە 19ی تشرینی دووەم واژوو كراوە، بەڵام تا 29ی مانگەكە كۆنگرێس لەو رووداوە ئاگادار نەكراوەتەوە.

پێدانی مۆڵەتەكە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانوستانی ناوكی نێوان ئێران و وڵاتانی چوار كۆ یەك لەلایەك و ئەمەریكا لەلایەكی تر.

بەپێی مۆڵەتەكە، ئێران 120 رۆژی تر مۆڵەتی هەیە تا بەبێ هیچ سزایەك كارەبا بە عێراق بفرۆشێت. لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتەكە بۆ دوو مانگ درێژ دەكرایەوە، تەنیا دواین جار بۆ سێ مانگ درێژی كردبووەوە، بەڵام بایدن بۆ چوار مانگ درێژی كردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی داوە، مەبەستیان لە درێژكردنەوەی مۆڵەتی كڕینی كارەبا لە عێراق، لە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكادایە.

عێراق جگە لە كارەبا، گازی سروشتیش لە ئێرانەوە هاوردە دەكات و سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین دەكات.

ئەحمەد مووسا گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی داوە، بەپێی گرێبەستەكە پێویستە ئێران رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی رادەستی عێراق بكات، بەڵام ئێستە بۆ هەشت ملیۆن مەتر سێجا كەمی كردووە.

نەیتوانیوە پارەی ئەو كارەبا و گازە بۆ ئێران دابین بكات


عێراق لەبەر پرسی سزاكانی ئەمەریكا، نەیتوانیوە پارەی ئەو كارەبا و گازە بۆ ئێران دابین بكات كە لەو وڵاتەوە هاوردەی كردووە، چەندان ملیار دۆلار پارەی ئێران لە عێراقە و تەنیا بەشێكی كەمی بە هەندێك رێكاری جیاواز بۆ ئێران گەڕێنراوەتەوە.

عێراق لە بەرانبەر كڕینی گاز و كارەبا، پارەكە دەخاتە سندووقی بانكی بازرگانی عێراقی و ئێران بۆی هەیە بۆ كڕینی پێداویستی مرۆیی، سوود لەو سندووقە وەربگرێت.

ئێران دەڵێت، سەرووی پێنج ملیار دۆلاری لای عێراقە، بەرپرسانی عێراقیش گوتوویانە ئەگەر ئێران پارەكەی بە دینار دەوێت، ئەوا ئامادەن بۆی دابین بكەن، بەڵام پێدانی پارە بە دۆلار دەكەوێتە چوارچێوەی سزاكان و عێراق ناتوانێ دابینی بكات.



وشە - سلێمان تاشان