دۆلار گەیشتە سەرووی 30 هەزار تمەن

:: PM:04:05:04/12/2021 ‌
نرخی دۆلار بەرانبەر تمەنی ئێرانی دیسان رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە، گەیشتووەتە بەرزترین نرخ كە لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا تۆمار كرابێت. چاوەڕوانی داڕمانی زیاتری تمەن دەكرێت.

لە ژێر كاریگەری بێ دەرەنجامبوونی دانوستانە ناوكییەكان، كە گەڕێكی تری لە كۆتایی مانگی رابردووەوە دەستی پێ كردووەتەوە، نرخی تمەن رووی لە دابەزین كردووە. نرخی هەر دۆلارێك بۆ 30  هەزار تمەن هەڵكشاوە و پێشبینی دەكرێت زیاتریش بەرز ببێتەوە، ئەگەر دانوستانەكانی داهاتوو هیچ دەرەنجامێكیان نەبێت.

لەو كاتەوە نرخی دۆلار بە رانبەر بە تمەن 30 هێندە بەرز بووەتەوە.


11  ساڵ لەمەوبەر و بەر لەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا بسەپێنرێن، نرخی هەر دۆلارێك هەزار تمەن بوو و لەو كاتەوە نرخی دۆلار بە رانبەر بە تمەن 30 هێندە بەرز بووەتەوە.

ئەوەی وایكرد لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو نرخی تمەن بە تەواوی روو لە داڕمان بكات، ئەو سزا نێودەوڵەتییانە بوون كە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و un بەسەر ئێراندا سەپێنران، ئێران نەیتوانی هاوشێوەی دەیەی سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم پەرە بە ئابوورییەكەی بدات. 

لە ساڵی 2015 كاتێك رێككەوتنی ناوكیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك واژوو كرا، چاوەڕوانی ئەوە لە ئارادا بوو دووبارە ئابووری ئێران گەشە بكاتەوە و واز لە چالاكییە ناوكییەكانی بهێنێت. ئەم رێككەوتنە راستییەكەی توانی توانای دارایی ئێران بەهێز بكات و بە دەیان ملیار دۆلار لە بودجەی ئێران زیاد بكات، بەڵام كێشەكە لەوەدابوو ئەو زیادبوونەی قەبارەی داراییە لە خزمەتی گەشەی ئابووری وڵاتەكە بەكار نەهات، زیاتر بۆ كڕینی چەك و پێداویستی سەربازی و پاشان دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی تری وەك سووریا، عێراق، یەمەن، لبنان، ئەفغانستان و تەنانەت هەندێك وڵاتی ئەفریقیش بەكار هات.

هەمووی ئەو هەنگاوانە هۆكار بوون لەوەی ئەمەریكا لەو رێككەوتنەكە نیگەران بێت، لە كۆتاكانی ساڵی 2018 بەفەرمی لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە و سزای قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

لە سەردەمی حكوومەتی بایدن دەرفەتێكی تر بە ئێران دراوە بگەڕێتەوە دانوستانی ناوكی و رێككەوتنێكی نوێ واژوو بكات، ئێران كەوتووەتە ناو دۆخێك نە دەتوانێ بچێتە ناو رێككەوتنەكە و نە دەشتوانێ دەستبەرداری چالاكییە ناوكییەكانی بێت.


وشە - سلێمان تاشان