هەوڵی تیرۆركردنی ئەردۆغان درا

:: AM:10:24:05/12/2021 ‌
ویستراوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا تیرۆر بكرێت، بەڵام پێش ئەوەی پلانەكە سەر بگرێت، پووچەڵیان كردووەتەوە.

بە گوتەی میدیاكانی توركیا، بڕیار بووە لە نزیك شوێنی وتاردان بۆمبێك بتەقێنرێتەوە، ماوەیەك بەر لەوەی كە وتاری ئەردۆغان دەست پێ بكات، بۆمبەكە دۆزراوەتەوە و پۆلیس پووچەڵی كردووەتەوە.
بۆمبەكە لە ژێر ئۆتۆمبێلێك دانراوەتەوە
 
بۆمبەكە لە ژێر ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس دانراوەتەوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە، هەندێك سەرچاوەی تر گوتوویانە ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆمبەكە لە ژێری دانراوەتەوە، هی كارمەندێكی پۆلیس بووە نەك دەزگای پۆلیس.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، هەمزە داغ یاریدەدەری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا گوتوویەتی، تیرۆریستان ویستوویانە بەم كارەیان وڵات بەرەو ئاڵۆزی و پشێوی بەرن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

لە توركیا هەر هێرشێكی تیرۆریستی بكرێت، دەخرێتە پاڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و داعش، لەمدواییەدا فەتحوڵا گولەنیش هاتووەتە ناو لیستەكە كە كەسایەتییەكی گەورەی مەزەویی توركیا و رێبەری بزووتنەوەی خزمەتە و لە ئەمەریكا دەژیت.

گولەن لە ساڵی 2016 بە ئەنجامدانی كودەتا تۆمەتبار كرا، كە بە هۆیەوە 250 كەس كوژران و كودەتاكەش سەركەوتوو نەبوو، دواتر حكوومەتی توركیا دەستی بە گرتنی خەڵك و كارمەندانی پۆلیس و سەرباز و پلەدارەكان كرد، بە هەزاران كەس گیران و بە دەیان هەزار كەس لە كارەكانیان دوور خرانەوە.


وشە - سلێمان تاشان