ئەمەریكا خۆی بۆ دۆخی دوای رێكنەكەوتن لەگەڵ ئێران ئامادە دەكات

:: AM:11:14:05/12/2021 ‌
ئەمەریكا ئێرانی بەوە تۆمەتبار كردووە كە هەموو رێیەكانی گەیشتن بە رێككەوتنی ناوكیی بەستووە، لەلایەكی تریشەوە خەریكی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوكیی خۆیەتی، بۆیەش خۆی بۆ دۆخی دوای رێكنەكەوتن ئامادە دەكات.

بەرپرسێكی ئەمەریكی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی داوە كە روانگەی ئێران بە هیچ شێوەیەك مایەی قبووڵكردن نییە و لەم دانوستانەی كۆتایی، بۆیان دەركەوتووە ئێران بە هیچ شێوەیەك نایەوێ بۆ رێككەوتن بگەڕێتەوە.

وەك بەرپرسەكەی ئەمەریكا باسی كردووە، حكوومەتی نوێی ئەمەریكا كە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆكایەتی دەكرێت، پێنج مانگە دانی بەخۆدا گرتووە، بەڵكو ئێران بێتەوە سەر مێزی دانوستان و ئێستەیش كە ئێران بەم شێوەیە دەگەڕێتەوە، ئەوا دەبێ گومانی لێ بكرێت.

ئەو شتیكی تری دركاندووە، ئەویش ئەوەیە خەریكە ئەمەریكاش بەو قەناعەتە دەگات كە رەنگە زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ناوكیی ئەستەم بێت، بۆیە خۆی بۆ دۆخێكی نوێ ئامادە دەكات.
لە كۆتایی مانگی رابردوودا گەڕی حەوتەمی دەستی پێ كرد

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، دانوستانی ناوكیی ئێران و ئەمەریكا كە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچێت، لە كۆتایی مانگی رابردوودا گەڕی حەوتەمی دەستی پێ كرد، بەڵام دوو رۆژە وەستاوە و هێشتا هیچ كاتێك بۆ گەڕی هەشتەم دەستنیشان نەكراوە.

عەلی باقری كەنی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، وێڕای رەتكردنەوەی تۆمەتەكانی ئێران گوتوویەتی، هەر ئەوەی شاندیان رەوانەی ڤیەنا كردووە، نیشانەی ئەوەیە ئێران سوورە لەسەر گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ناوكیی.

لە ئەگەری رێکنەکەوتن پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا گوشار و سزاکانی لە دژی ئێران زیاتر بکات و بەمەش ئێران تووشی دۆخێکی نالەبارتر دەبێت.




وشە - سلێمان تاشان