حكوومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنەكان نابێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، ئەمەش ئێزیدییەكانی نیگەران كردووە، چونكە بووەتە هۆی بەهێزكردنی داعش. قایمقامییەتی شنگال دەڵێ ھەموو كونسوڵگەكانیان ئاگادار كردووەتەوە، بۆ ئەوەی بێنە سەرخەت و چیتر دۆخی شنگال بەو شێوەیە بەردەوام نەبێت.
مەحما خەلیل قایمقامی شارۆكەی شنگال، بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی عێراق ھیچی بۆ شنگال نەكردووە و ھیچ ھەنگاوێكیشی نەناوە و رێككەوتنی شنگالیشی جێبەجێ نەكردووە، جگە لەمانە مادەی 140یش وەك خۆی ماوە و كاری پێ ناكرێت تا دۆخی شنگالی پێ ئاسایی بكرێتەوە.
ئەو روونی كردەوە، خەڵكی شنگال بەتایبەت ئاوارەكان بێ ئومێد بوون لە گەڕانەوە بۆ شنگال، چونكە دۆخەكە زۆر خراپە و میلیشیا و پەكەكەی لێیە .
وەك مەحما خەلیل خستیە ڕوو، بەیاننامەیەكیان ئامادە كردووە و ئاراستەی سەرجەم كونسوڵگەی وڵاتان و لایەنەكانیان كردووە، بە پێویستیان زانیوە بە زووترین كات دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و خەڵكی ئێزیدی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، هاوكات بە پێویستی زانی حكوومەتی عێراق بێتە سەر خەت و چیتر دۆخی شنگال بەم جۆرە نەهێڵرێتەوە.
ھێزێكی ھاوبەش بۆ شنگال دروست نەكرێت، داعش خۆی رێك دەخاتەوە و دەبێتە مەترسی
قایمقامی شنگال هۆشداری دا، ئەگەر دۆخی شنگال ئاسایی نەكرێتەوە و ھێزێكی ھاوبەش بۆ شنگال دروست نەكرێت، داعش خۆی رێك دەخاتەوە و دەبێتە مەترسی بۆ سەر شنگال، چونكە جووڵەیان زۆر بووە، ئەوەش وایكردووە خەڵك زیاتر ھەست بە مەترسی بكەن.
جێی باسە لە ساڵی 2014 و دوای سەرهەڵدانی داعش، شنگال جینۆساید كرا و بە هەزاران ئێزیدی رفێنران، كوژران و تاوانی گەورەیان بەرانبەر كرا. دوای چوار ساڵ لە رووخانی دەسەڵاتی داعش، هێشتا ناوچەكانیان ئاسایی نەبووەتەوە.
هەولێر/بڵند ئیبراھیم