دێڤید بارێنئا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل کە بە مووساد ناسراوە دەچێتە ئەمەریکا بۆ ئەوەی زانیاری نوێ لەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران رادەستی ئەمەریکا بکات.
مەبەستی ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل ئەوەیە ئەمەریکا رازی بکات واز لە رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران بهێنێت و چیتر خۆیان بەوە ماندوو نەکەن ئایا ئێران دەگەڕێتەوە رێککەوتنی ناوکی یان نا.
رۆژنامەکانی ئیسرائیل ئەو سەردانەی سەرۆکی مووسادیان بە گرنگ هەژمار کردووە و نووسیویانە گەشتەکە ئەمڕۆ یەکشەم ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا، نیگەرانی ئیسرائیل لەوەدایە لە ئەگەری رێککەوتنی ناوکی، دیسان میلیاران دۆلار بکەوێتە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام ئەو وڵاتە لە هەوڵەکانی بۆ دەستخستنی بۆمبی ناوکی پاشگەز نەبێتەوە.
ناهێڵێت ئێران دەستی بە بۆمبی ناوکی رابگات.
سەرۆکی مووساد لە چەند رۆژی رابردوشدا گوتبووی، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبووڵ ناکات و ناهێڵێت ئێران دەستی بە بۆمبی ناوکی رابگات.
گەڕی حەوتەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا کۆتایی مانگی رابردوو دەستی پێ کرد و دوو رۆژە کۆتایی پێ هاتووە، بێ ئەوەی هیچ دەرەنجامێکی هەبێت.
هەر ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە، ئەمەریكا ئێرانی بەوە تۆمەتبار كردووە كە هەموو رێیەكانی گەیشتن بە رێككەوتنی ناوكیی بەستووە، لەلایەكی تریشەوە خەریكی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوكیی خۆیەتی، بۆیەش خۆی بۆ دۆخی دوای رێكنەكەوتن ئامادە دەكات.
بەرپرسێكی ئەمەریكی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی داوە كە روانگەی ئێران بە هیچ شێوەیەك مایەی قبووڵكردن نییە و لەم دانوستانەی كۆتایی، بۆیان دەركەوتووە ئێران بە هیچ شێوەیەك نایەوێ بۆ رێككەوتن بگەڕێتەوە.
لە ئەگەری رێکنەکەوتن پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا گوشار و سزاکانی لە دژی ئێران زیاتر بکات و بەمەش ئێران تووشی دۆخێکی نالەبارتر دەبێت.