راپۆرتێك: دۆخی عێراق هاوشێوەی ئەفغانستانە و پێویستە ئەمەریكا نەكشێتەوە

:: PM:08:02:05/12/2021 ‌

لە دوای 2003 لە عێراق نەیارەكان لەكاتی پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆست و پایە و دەسەڵات كۆك دەبوون و وەك برا ئەوانەیان دابەش دەكرد، ئەوجارەیان جیاوازە، بەتایبەتی تا ئێستە دۆخەكە لە بەرژەوەندی میلیشیاكانی سەر بە ئێران و ئێران یەكلا نەبووەتەوە، ئەوەیش هەڕشەی پەرەسەندنێكی گەورە و چاوەڕوان نەكراوی لێ دەكرێت، راپۆرتێك  دۆخی عێراق و ئەفغانستان لێك دەچووێنی، بۆیە نابێت هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكشێننەوە.

بەپێی رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا لە دوایین گەڕی گفتوگۆكانی چوارچێوەی ستراتیجی، رێككەوتن كرا لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەركی شەڕوانی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كۆتایی پێ بێت، واتە ئەو ژمارەی هێزە كە هەیە و 2500 سەربازن، ئەوانە دەمێننەوە، بەڵام بەناوی راوێژكاری و مەشق و راهێنان و پاڵپشتیی لۆجیستی، ئەوەیش لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێران رەت دەكرێتەوە.

سەعد سەعدی، سەركردە لە بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق، یەكێك لە میلیشیا دیارەكانی شیعە، دەڵێت، هەڵوێستی گرووپەكانی بەرگریكار روونە و راگەیەندراوە، دوایین وادە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق تا كۆتایی ئەمساڵە، لەسەر بنەمای بڕیاری پەرلەمانی عێراق و رێككەوتنی ناو چوارچێوەی ستراتیجی، بۆیە ئەگەر لەو وادەیە پاشەكشە نەكەن، ئەوە رووبەڕوویان دەبینەوە بەهێز ناچاری كشانەوەیان دەكەین. 
كاتی ئەوەیە واشنتن كار بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا بكات
راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ئینتەرناشیۆنال پۆلیسی دایجێست"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە عێراق رووبەڕووی دۆخێكی هاوشێوەی ئەفغانستان دەبێتەوە، واتە ئامادە نییە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، ئەگەریش ئەو كشانەوە رووبدات، ئەوە دنیا دووچاری كارەساتێكی نوێ دەبێتەوە.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە ئەفغانستان هێشتا ئامادە نەبوو بۆ پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا، بۆیە ئێستە دوای ئەوەی لەو وڵاتە رووی دا، چەند پێكهاتەیەكی ئەو وڵاتە دووچاری مەترسی گەورە هاتوونەتەوە و تیرۆر پەرە دەستێنی و زۆرێك لە هاووڵاتییانی ئەفغانستان بەدەست نەهامەتی و هەژاری و دەربەدەرییەوە دەناڵێنن، هاوكات لە عێراق دۆخەكە هاوشێوەیە هەر دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە كۆتایی ئەمساڵ، كە ژمارەیان 2500 سەربازە، ئەو وڵاتە دەكەوێتە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئێران و میلیشیاكانی. 

راپۆرتەكە پێی وایە لەبری كشانەوە، پێویستە ئەمەریكا ژمارەی هێزەكانی لە عێراق تا كۆتایی 2022 بۆ 3500 سەربازی زیاتر بكات، چونكە ئەو زیادكردنەی هێزەكانی ئەگەری دروستبوونی هەڕەشەی تەناهی كەمتر دەكاتەوە و بنیاتنانەوەی هێزە سەربازیەكانی عێراق بەهێزتر دەكات و ئاسایشی هاووڵاتییانی عێراقی تۆكمەتر دەبێت.

دووپاتی كردەوە كە پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە، چونكە واشنتن یارمەتی عێراقی دا لە جەنگی داعش و پاڵپشتی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی كرد تا ئاستی سەقامگیربوون، بۆیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا جارێكی تر عێراق دەخاتەوە ژێر مەترسی و هەڕەشەی توندڕۆیان، لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی كە ئێران پاڵپشتیان دەكات و هەوڵی لاوازكردنی حكوومەتی عێراق دەدەن و گرەو لەسەر فرەوانكردنی دەسەڵاتی شیعە لە هەموو عێراق دەكەن.

راپۆرتەكە زیاتر گوتی، بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق یارمەتی هێزەكانی عێراق دەدات بۆ پارێزگاریكردن لە سەقامگیری تەواوی وڵاتەكە، زیادكردنی هێزەكانیش دەبێتە هۆی بنیاتنانەوە و سەقامگیربوونی سوپای عێراق، كە لە ساتی دەست پێكردنی جەنگی داعشەوە تووشی لاوازی هاتووەتەوە، ئێستەیش بەتەنیا توانای رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ناوخۆیی و دەرەكی نییە، بۆیە ئەگەری هێزەكانی ئەمەریكا تا كۆتایی 2021 بە تەواوەتی پاشەكشە بكەن، سوپای عێراق دەڕووخێت.

راپۆرتەكە پێی وایە زیادكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، پارێزی زیاتر بۆ هاووڵاتییانی عێراق دابین دەكات، كاتێك هێزەكانی ئەمەریكا توانای باشتری بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای نوێیان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی ناوچە جیاجیاكانی عێراق دەكەنە ئامانج، بۆیە ئەگەری زیانی گیانی كەمتر دەبێتەوە، هاوكات لەگەڵ هەر زیادبوونێكی هێزەكانی ئەمەریكا، سوپای عێراق توانای زیاتری بۆ دەرەخسێت بۆ گەیشتن بە تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی گریمانكراو و پاراستنی زیاتری هاووڵاتییانی.

راپۆرتەكە لە كۆتادا داوای زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكای بۆ 3500 سەرباز كرد، چونكە نابێت دنیا كارەساتێكی هاوشێوەی ئەوەی ئەفغانستان ببینێت، ئەو زیادەیش رێگە بە واشنتن دەدات، ئەوكاتەی متمانە بە سوپای عێراق دروست بوو بەوەی دەتوانێ بەتەنیا بەرگری لە وڵاتەكە بكات، لە داهاتوودا بەتەواوەتی هێزەكانی پاشەكشە پێ بكات، بەڵام تا ئەوكات سوپای ئەمەریكا پارێزگاری لە بوونێكی كارا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەقامگیر دەكات و رۆحی زۆرێك لە هاووڵاتییانی عێراقیش دەپارێزێت، بۆیە ئێستە كاتی ئەوەیە واشنتن كار بۆ مسۆگەركردنی دواڕۆژێكی گەشاوە و سەقامگیر بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل