پێنجوێن بەدەست كەمیی پزیشكی پسپۆڕەوە دەناڵێنێت

:: PM:08:37:05/12/2021 ‌

ساڵانێكە هاووڵاتییانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن بەدەست كێشەی كەرتی تەندروستییەوە دەناڵێنن،  ئێستەیش بەهۆی نەبوونی پزیشكی پسپۆڕی چەند بوارێكەوە، دەبێت نەخۆشەكان روو لە شارەكانی سلێمانی و سەیدسادق بكەن، ئەوەیش بارگرانی دروست كردووە.

حەمید عەلی، هاووڵاتییەكی پێنجوێنە بۆ "وشە"، ئاماژەی بەوە دا كە چەندان ساڵە گرفتی كەمی یان نەبوونی پزیشكی پسپۆڕیان لە چەند بوارێكدا هەیە، ئەوەیش كێشەی دروست كردووە و هەفتانە یەك جار پزیشكی قوڕگ و گوێ و لووت لە نەخۆشخانەكان دادەنیشن .

دووپاتی كردەوە، لەناو پێنجوێندا چەند بینا و نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتووی تیادایە، كەچی بەهۆی نەبوونی پزیشكی پسپۆڕەوە و كەموكورتییەكانی كەرتی تەندروستی، هاووڵاتییانی تووشی نیگەرانی كردوون.
ئەوانەی مۆڵەتی شۆفێری دەردەكەن یان نوێی دەكەنەوە دەبێت روو لە سەیدسادق و سلێمانی بكەن
ئەو هاووڵاتییە روونی كردەوە، یەكێكی تر لە گرفتەكان ئەوەیە ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێ مۆڵەتی شۆفێری دەربكەن یان تازەی بكەنەوە، دەبێت روو بكەنە سەیدسادق یان سلێمانی، ئەوەیش دووبارە بارگرانی دروست كردووە، چونكە پزیشكی پسپۆڕی چاومان نییە.

لای خۆیەوە زانا رەحمان، قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو كێشانەی لە كەرتی تەندروستی پێنجوێن هەیە، بەداخەوە وای كردووە پێنجوێن بەهۆی دوورەدەستییەوە، پزیشكی پسپۆڕی وەك پێویستی بۆ دابین نەكراوە.

روونی كردەوە، وەك لایەنی ئیداری بەردەوام لە هەوڵەكانمان بەردەوامین لەگەڵ بەڕێوەیەرایەتی تەندروستی سلێمانی و هەوڵمان داوە لەو دابەشكارییەی بۆ پزیشكەكان دەكرێت، لەم مانگەدا چەند پزیشكێكی پسپۆڕ بۆ سنوورەكە دابین بكرێت.

شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 100 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 50 هەزار كەس دەبێت، نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ یەكێكە لە گرفت و خەمەكانی دانیشتووانەكەی و هێشتا نەتوانراوە چارەسەر بكرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل