"پێشمەرگە ناسنامەی گەلی كوردە و نابێ سووكایەتی یان موزایدەی پێوە بكرێت"

:: PM:09:12:05/12/2021 ‌

شاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێ و سروەی خوشكی بە بەردەوام لە رێگەی میدیاكانەوە دژایەتیی پێشمەرگەیان كردووە، پەرلەمانتاری وایان هەبووە بە كۆیلە ناوی بردوون، كەچی ئێستە بۆ موزایدە دەستیان بە چەواشەكاری كردووە، لەكاتێكدا خۆیان یەك دەقە شەرەفی پێشمەرگایەتییان پێ نەبڕاوە.

 زینۆ كاكەیی، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، هەموومان دەزانین زیاتر لە سەدەیەكە كوردستان لە رێككەوتننامەیەكی شومی وەك سایكس- پیكۆ لە نێوان بەرژوەندیی وڵاتە زلهێزەكانی ئەوروپا و پاشانیش هەر بەوشێوەیە بە ژێردەستەیی ماینەوە، پێشمەرگەی كوردستان لەوكاتەوە بە رابەرایەتیی كەسایەتییە نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕەكان لە سەنگەری بەرگریدا بووە لە خاكی پیرۆزی كوردستان.

زیاتر گوتی، دوای دروستبوونی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان، پێشمەرگە كاریگەرترین هێز بووە، كە توانیویەتی كوردستان لە هەڕەشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بەم دواییەیش داعش بپارێزێت، كە جیهان بە ئەفسانە ناویان دەبرد و بۆ یەكەم جار توانی سنووری دوو دەوڵەت ببڕێت و دەوڵەتێكی ئیسلامی دروست بكات، بەڵام پێشمەرگە بە هاوكاریی هاوپەیمانان و رابەرایەتی سەرۆك بارزانی تووشی شكستی گەورەیان كردن.
پێویستە حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە بێ دەنگ نەبن و ئەم كەس و لایەنانە رووبەڕووی یاسا بكەنەوە
 كاكەیی روونی كردەوە، كاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و پاشانیش رووداوە شوومەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوای ئەو كەس و لایەنانە بە راشكاوی نەیاندەوێرا بڵێن كورد خیانەتی لێ كراوە، دیسان تۆمەتەكانیان دەدایە پاڵ لاوازیی پێشمەرگەوە، ئێستەیش كە كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی داعشدایە، بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی پێشمەرگە دەكەن و رۆژانە لە بەرنامەی راستەوخۆدا خەڵك هان دەدەن كە بەبێ بنەما و هێزی نا نیشتمانی و میلیشیا ناویان ببات.

"بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كورستان و وەزارەتی پێشمەرگە لە ئاست ئەم پێشێلكارییانەدا بێ دەنگ نەبێ و ئەم كەس و لایەنانە رووبەڕووی یاسا بكاتەوە، بەتایبەتی ئێستە لە هەموو كات پێشمەرگەی كوردستان زیاتر پێویستی بە پشتیوانی مایەكی و ماناكی هەیە، سەروەرییەكانی پێشمەرگە هەموو جیهانی شۆك كرد، ناوی پێشمەرگەی لە جیهاندا بە بەرزی راگرت، كە پێشمەرگە ئەو ناوەیە دەبێ هەمووان بۆی بچەمێن"، زینۆ كاكەیی وای گوت.

لای خۆیەوە ئیسماعیل هەورامی بە "وشە" كوت، پێشمەرگە سیمبولی بەرخۆدان و ئازایەتی و بوێرییە، بەشێكە لە ناسنامەی گەلی كورد، پێشمەرگە هێزێكی نیشتمانییە و نابێت رێگە بدرێت لەپێناو دەسكەوت و بەرزەفڕی سیاسیدا بەكار بهێنرێت و لە گەورەیی كەم بكرێتەوە، هەرێمی كوردستان پێویستە یاسایەكی هەبێت كە هەرجۆرە سووكایەتی بە سیمبولە نەتەوەیی و ئاینییەكان بەبێ سزا گوزەر نەكات.

روونی كردەوە، نەدانەوەی قەرز و بەكارهێنانی موڵكوماڵی دەوڵەت، دیاردەیەكی دزێوە لە هەرێمی كوردستان و پێویستە بنبڕ بكرێت، چونكە لە تەواوی جیهاندا دەوڵەت لەسەر سیستمی باج دەژیت، بۆیە خۆدزینەوە لە باج، بەتایبەت لەلایەن سەرمایەدارانەوە، هەڵەیەكی كوشندەیە و جێگەی لێخۆشبوون نییە.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل