نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:49:06/12/2021 ‌
لەگەڵ كرانەوەی هەفتەیەكی نوێی بازاڕی بۆرسە، نرخی نەوت هەڵكشا. لە 10 رۆژی رابردوودا بازاڕەكە لە ژێر كاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا دابەزیبوو.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، نرخی نەوتی برێنت لە 70 دۆلار و 32  سەنتەوە بەرەو 71 دۆلار و 56 سەنت هەڵكشا. نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش لە 66 دۆلار  و 30 سەنتەوە بەرەو 67 دۆلار و 95 سەنت هەڵكشاوە.

نەوتی جۆری برێنت لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا هەر بەرمیلێكی بۆ خوارووی 66 دۆلار دابەزی، لە كاتێكدا 10 رۆژ لەمەوبەر نرخەكەی 82 دۆلار بوو. نەوتی ئەمەریكاش تا 62 دۆلار و 50 سەنت دابەزیبوو،لە كاتێكدا 10 رۆژ لەمەوبەر لە سەرووی 78 دۆلار دەفرۆشرا.

پێوەندی بە بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی كۆرۆنای گۆڕاو
 

ئەوەی هۆكار بووە لەوەی نرخی نەوت وا بەخێرایی دابەزێت، پێوەندی بە بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی كۆرۆنای گۆڕاو هەیە كە بە ئۆمیكرۆن ناسراوە ، زۆر خێراتر لەوەی پێشوو بڵاو دەبێتەوە و لەوانەیە هەمان دۆخی ساڵی رابردوو لە دنیا بێنێتە كایەوە و چەرخی پیشەسازی سست بكات.

زانایان خەریكی لێكۆڵینەوەن لەسەر ڤایرۆسەكە و ئەگەر هەواڵی خۆش لەسەر كاریگەرییەكانی ئەم كۆرۆنا نوێیە بڵاو بكرێنەوە، ئەوا بازاڕیش خێراتر ئاسایی دەبێتەوە و ئەگەریش هەواڵەكان ناخۆش بن، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی زیاتری دابەزینی بازاڕەكان بكرێت.


وشە - سلێمان تاشان