بەرپرسێكی وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕای دەگەیەنێت، پێویستە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی داعش بەرهەمیان دەهێنێت، میدیاكان بڵاوی نەكەنەوە، لە لادان لەو بڕیارەش سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، شێروان عەوڵا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وێنە و ڤیدیۆكان داعش كە بەرهەمیان دەهێنێ، قەدەغە كران.
هەر كەناڵێك پێچەوانەی ئەو كارە بكات و وێنە و ڤیدیۆكانی داعش بڵاو بكاتەوە، لێپرسینەوەی یاسایی دژی دەگیرێتەبەر.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ڕۆشنبیری گوتی، نابێت بەهیچ جۆرێك میدیاكان ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە بڵاو بكەنەوە كە داعش بەرهەمی هێناون، تێیاندا هێرشەكانیان بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل پێشان دەدەن و ترس و تۆقاندن لە ناو هاووڵاتییان بڵاو دەكەنەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە یەكی ساڵی 2014ی وەزارەتەكەمان، هەر كەناڵێك پێچەوانەی ئەو كارە بكات و وێنە و ڤیدیۆكانی داعش بڵاو بكاتەوە، لێپرسینەوەی یاسایی دژی دەگیرێتەبەر.
شێروان دووپاتی لەوەش كردەوە، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە، دەبێ پێیەوە پابەند بین.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە كاتێكدایە، ئێستە بەشێك لە میدیاكان وێنەی و گرتە ڤیدیۆكانی چالاكییەكانی داعش بڵاو دەكەنەوە كە ئەوەیش هاندانە بۆ توندوتیژی.