200 ملیار دینارەكەی بەغدا دەگات

:: AM:11:32:06/12/2021 ‌
بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ڕێكارەكانی ناردنی 200 ملیار دینارەكە لە بەغدا دەستی پێ‌ كردووە و بەمنزیكانە دەگاتە هەولێر.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕێكارەكانی ناردنی 200 ملیارەكەی هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كردووە و بەمنزیكانە دەگاتە هەولێر.

دوای تەواوبوونی ڕێكارە ئیدارییەكان، ئەو پارەیە دەگاتە هەولێر.
نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، هیچ كێشەك نییە لە ناردنی پارەكە و دوای تەواوبوونی ڕێكارە ئیدارییەكان، ئەو پارەیە دەگاتە هەولێر.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، مانگانە حكوومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئەمەیش تا ئەوكاتەی لەسەر چاودێری دارایی و وردبینی لە نەوت دەگەن بە ئەنجامێك.

حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2014 بە بڕیارێكی سیاسی بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئەمەیش تەنگژەی دارایی دروست كرد و هەرێمی كوردستانی تووشی قەرزێكی زۆر كرد.

لە سەرەتای ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دابەشكردنی مووچەی بەبێ‌ لێبڕین دابەش دەكات، ئەوەیش وایكردووە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەوباشی بچێت.



وشە - رامیار جەواد