هێزی فەرماندەیی هەولێر لە گوندی لهێبان جێگیر دەكرێ‌

:: PM:12:00:06/12/2021 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، هێزەكانی فەرماندەیی هەولێر لەناو گوندی لهێبان جێگیر كراون، ئەوەیش بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتییانی ئەو گوندەیە لە دەستی تیرۆریستانی داعش.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، كرمانج عەبدوڵا بەرپرسی لقی قەرەچووغی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دانیشتووانی گوندی لهێبان، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان لەناو گوندی لهێبان جێگیر كران.

ئەو بەرپرسە گوتی، ئێستە فەوجی چوار لە لیوای پێنجی سوپای عێراق و فەوجی دووی لیوای 18ی هێزی پێشمەرگە لە فەرماندەیی هەولێر، گەیشتنە ناو گوندی لهێبان، هەردوو فەوجەكە بە هاوبەشی لەو گوندە ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن كە ئامانجیان پاراستنی گوندەكەیە.

دوو شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هەوڵیان دا گوندی لهێبان بگرن، بەڵام خەڵكی گوندەكە بەرپەرچیان دانەوە و هێرشەكەی داعشیان تێكشكاند، شەوی رابردووش هاووڵاتییان گوندەكەیان چۆڵ كرد.

گوندی لهێبان سەربە شارەدێی سەرگەڕانی پارێزگای كەركووكە، دوای ئازادكردنی عێراق زیاتر لە 60 ماڵ هاتنەوە زێدی باوباپیرانیان، بەڵام بەهۆی گوشارە بەردەوامەكانی چەكدارانی داعش و عەرەبە شۆڤێنییەكان، ئێستە نزیكەی 17 ماڵ ماونەتەوە، خەڵكی گوندەكە داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە بێتە سنوورەكەیان و بیانپارێزێت، ئەگەرنا گوندەكە چۆڵ دەكەن.



وشە - رامیار جەواد