شاسوار و گرووپەكەی راستەوخۆ خزمەتی دوژمنانی كوردستان دەكەن

:: PM:12:17:06/12/2021 ‌
چین و توێژەكانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەردەوام  لە هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و هێزی پێشمەرگەدایە، بە بیانووی پشتگیری و داكۆكیكردن قسە دەكات، لە كاتێكدا هیچ كات پشتگیری پێشمەرگەی نەكردووە . 

شاسوار كە ماوەی چەند ساڵێكە هاتووەتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان، خەریكی موزایەدەیە و پارەیەكی خەیاڵیی قەرزداری حكوومەت و خەڵكە و تا ئێستە نەیگەڕاندووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، موقەدەم محێدین بادلی بەرپرسی رێكخستنی هێزی سیدەكانی سەربە یەكەی 80، بە "وشە"ی  راگەیاند، "هەموومان دەزانین كە پێشمەرگە سیمبولی بەرگریكردن و بەرخۆدانە، هەردەم بۆ پاراستنی خاكی كوردستان گیانی خۆی بەخت كردووە، ئەو ئاشتی و ئارامی و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ هەمانە، گشتی لە سایەی شەونخوونی و چاوكراوەیی پێشمەرگەوەیە، لە ڕابردووەوە تا ئێستە بەو چەكەی لە بەردەستیان بووە، كۆلیان نەداوە و لە خاكپارێزی بەردەوام بوونە، ئەوەش لە سایەی دڵسۆزییان بۆ خاك و گەلەكەیان بووە كە بووەتە هۆی خۆشەویستی و پاڵپشتی جەماوەر بۆ ئەو هێزە قارەمانە."

بەگوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، شاسوار و دارودەستەكەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن، خۆیان كردووەتە بەرگریكاری مافی چین و توێژەكانی جەماوەر و پێشمەرگە، زمانیان لە میدیاكان دەخەنە گەڕ و باس لە ماف و كەموكورتییەكانی پێشمەرگە و سەنگەرەكان دەكەن، بەناوی ئەوەی كە پێشمەرگە پشتگوێ خراوە و تەنیا ئەوان خەمخۆرن، ئەو بابەتانەش نهێنیی سەربازی و كاری وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتن، ئەوان ستراتیج و جووڵە و ئەركەكانیان دەزانن و بڕیاری سەربازی و دروست لە كاتی پێویست دەدەن، ناكرێ هەر كەسە و بە ویستی خۆی دۆخی پێشمەرگە هەڵسەنگێنێ و بەناوی كەمی مووچە و شتی لەو بابەتانە، موزایەدە بەسەر هێزی بەرگریی وڵاتەوە بكات .

هەمیشە بەدوای هەلێكن بۆ لێدوان و قسەكردنی چەواشەكارانە لەبارەی جووڵەكانی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە


وەك زیاتر خستیە ڕوو، ئەوەی گرووپەكەی شاسوار و كەناڵەكەی ئەنجامی دەدەن، هەمیشە بەدوای هەلێكن بۆ لێدوان و قسەكردنی چەواشەكارانە لەبارەی جووڵەكانی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە، ئەو جۆرە ئاكارانەش جگە لە زیان گەیاندن بە وڵات، خزمەتێكی ناڕاستەوخۆشە بە دوژمنانی كوردستان، ئەو جۆرە ڕفتارە بەناوی داكۆكیكردنە لە مافی خەڵك، بەڵام گومان دەكرێ لەلایەن دوژمنەوە ئاراستە كرابن.

ئەو پێی وایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەرگیز گوێ لە شرۆڤە و قسە چەواشەكارییەكانیان ناگرێت و بەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان و جەماوەرە دڵسۆزەكەی، مێژووی ڕابردووشیان گەواهیدەری ئەوەیە  لە كاتی مەترسییەكاندا كێ ڕووبەڕوی دوژمنان بووەتەوە و قوربانی داوە.

سۆران / موڕشید برادۆستی


وشە - تایبه‌ت