سەرۆكی حكوومەت هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە گرنگ دەزانێت

:: PM:01:06:06/12/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئێریك شۆڤالێی باڵوێزی فڕەنسا لە عێراق كرد، لە گفتوگۆی نێوانیان، هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە گرنگ زانی.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئێریك شۆڤالێی باڵوێزی فڕەنسا لە عێراق كرد.
 
لە دیدارەكەدا كە ئۆلیڤێی دیكۆتینێ كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرا. 

سەرۆكی حكوومەت، ئاماژەی بە گرنگیی برەودان بە هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد، بۆ كۆتاهێنان بە هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە بەشێكە لە هەڕەشە بەردەوامەكان بۆ سەر خەڵكی ئەو ناوچانە، بە ئامانجی چۆڵكردنیان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە.
 
باڵوێزی فڕەنسا، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە لە شەڕی دژ بە داعش، گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستان بوونەتەوە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، بارودۆخی كۆچبەرانی سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا تاوتوێ كرا. باڵوێزی فڕەنسا سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لە پێناو ڕێگریكردن لە كۆچی نایاسایی، هەروەها كارئاسانی بۆ ئەو كۆچبەرانەی بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد