دەستەی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردی هاتنە هەڵبژاردن

:: PM:01:13:06/12/2021 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە دەستەی هەڵبژێراوی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كورد و فیدراسیۆنەكانی ئەندام لەو كۆنفیدراسیۆنەدا كرد.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە دەستەی هەڵبژێراوی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كورد و فیدراسیۆنەكانی ئەندام لەو كۆنفیدراسیۆنەدا كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی بەڕێوەچوون و سەركەوتنی كۆنگرەی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كورد لە هەولێر كرد، هەروەها پیرۆزبایی هەڵبژاردنی لە دەستەی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كورد كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە ڕێكخستن و هاوئاهەنگیی زیاتر لەناو ڕەوەندی كورد لە تاراوگەدا. 

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە دۆزی نەتەوەی كورد لە سەرووی بەرژەوەندی حزب و كەسایەتییەكانە، حزب تەنیا ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی ئامانجێكی گەورەتر.

سەرۆك دووپاتی لە پەیامی ئاشتیخوازی گەلی كورد كردەوە و داواشی كرد كە كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كورد، ببێتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ ناساندنی جینۆساید و ئەو ستەمەی دەرهەق میلەتی كورد كراوە. 

سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستە سەر مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، ئیرادەی گەلی كورد لە پێناو مانەوە و بەرگریكردن لە ناسنامە و خەبات لە دژی زۆرداری، هەروەها سوپاسی ڕەوەندی كوردی كرد كە لە دووریی وڵاتەوە هەمیشە پاڵپشتی داوا رەواكانی گەلەكەیان بوونە لە قۆناغە جیاجیاكاندا.



وشە - رامیار جەواد