فینلەندا لە هاوكاریی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

:: PM:01:56:06/12/2021 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵوێزی تازەی فینلەندا لە عێراق كرد، نوێنەرەكەی فینلەندا دووپاتی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماتی لاسیلا باڵوێزی تازەی فینلەندا لە عێراق كرد.

لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی بۆ دەستبەكاربوونی و بۆ ڕۆژی سەربەخۆیی فینلەندا، پیرۆزبایی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خۆی و گەل و حكوومەتی وڵاتەكەی خواست، هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانی بۆ فینلەندا دووپات كردەوە كە لە ساڵی 2015ـەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی كوردستان دەكات.

باڵوێزی فینلەندا ئاماژەی بەوە كرد، وڵاتەكەی بە بایەخ و گرنگییەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، خوازیارە لە هەموو بوارەكاندا برەوی زیاتر بە پێوەندییەكان بدات. دووپاتی لەوەش‌ كردەوە كە وڵاتەكەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، لە هاوكاری و پشتگیریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

تاوتوێكردنی هەڵبژاردانەكانی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، ئامادەیی و پێگەی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، گرنگیی سەقامگیریی سیاسی، پرسی كۆچ و كۆچبەران و دۆخی ناوچەكە بەگشتی، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.



وشە - رامیار جەواد