500 پڕۆژە لە جێبەجێكردندان و 10 هەزار هەلی كاریان رەخساندووە

:: PM:03:24:06/12/2021 ‌
دكتۆر سەرۆ دزەیی سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە بەڵێندەران و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە هەرێمی كوردستان و دەڵێت، ئێستە 500 پڕۆژە لە كاردان و هەزاران هەلی كاریان رەخساندووە، بڕیاریشە بەمزووانە چەندان پڕۆژەی تر دەست بەكاركردن بكەنەوە.

چەند پڕۆژەی بەڵێندەران لە هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردندان؟َ

لە هەرێمی كوردستان بە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك، 500 پڕۆژەی بەڵێندەران كاریان تێدا دەكرێت، لەو پڕۆژانە زیاتر لە 200 پڕۆژەیان لە پارێزگای هەولێرن، ئەوانی تریش لە سلێمانی و دهۆكن، لە سلێمانیش پڕۆژەیەكی زۆر كاریان تێدا دەكرێت، ئەمانە بەردەوام لە كاردان و لەلایەن بەڵێندەرانەوە بەڕێوە دەبرێن.

لە هەرێمی كوردستان چوار هەزار پڕۆژەی بەڵێندەران هەن

ئەم پڕۆژانە چەند هەلی كاریان رەخساندووە؟

سەرجەمیان خزمەتگوزارین، بەتایبەتی رێگەوبان كە بە تێكڕا زیاتر لە 10 هەزار هەلی كاریان رەخساندووە، لە هەرێمی كوردستان چوار هەزار پڕۆژەی بەڵێندەران هەن، ئەگەر سەرجەمیان تێیاندا دەست بەكاركردن بكرێتەوە، ئەوا سەتان هەزار هەلی كار دەڕەخسێنن و كاریگەریی زۆر باشیان دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هاووڵاتییان.

هیچ بڕە پارەیەك بۆ پڕۆژەی نوێی بەڵێندەران تەرخان كراوە؟

بەڵێ، لە پارێزگای هەولێر 28 ملیار دینار بۆ چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەموو كەرتەكانی وەك كارەبا، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەوبان، تەرخان كراوە و دەستیان بە كاركردن كردووە.

بۆ پارێزگای سلێمانی هیچ بڕە پارەیەك  تەرخان كراوە؟

بەڵێ، بۆ ئەوانیش بڕی 22 ملیار دینار تەرخان كرا كە دەیان پڕۆژەی گرنگ و خزمەتگوزاری لە بواری رێگەوبان و پەروەردە، تەندروستی، ئاو و كارەبا ئەنجام دەدرێت، پڕۆژەكان بەردەوام كاریان تێدا دەكرێت، بۆ پارێزگای دهۆكیش چەند ملیارێك تەرخان كراوە، بەگشتی پارەیەكی باش بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان كراوە، ئامانجی حكوومەت ئەوەیە گرنگی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بدات.

بۆ ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوو كاركردن تێیاندا راگیرابوو، چی كراوە؟

لەگەڵ حكوومەت لە هەوڵداین تا بتوانین بەپێی میكانیزمێك دەست بە كاركردن لەو پڕۆژانە بكرێتەوە كە لە ماوەی رابردوو كاریان راگیراوە، بەپێی میكانیزمەكە ئەو پڕۆژانەی 75%یان تەواو بوون، پارەیان بۆ تەرخان بكرێت، هەروەها دوای ئەوانە ئەو پڕۆژانەی 65%یان تەواو بووە تا دێتە خوار، لە سەرەتای كابینەی نۆ نزیكەی 200 پڕۆژە 85%ی كاریان تەواو بوو، بڕیاریان بۆ دەرچوو، پارەیان بۆ تەرخان كرا و دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە.

ئەو پڕۆژانەی كە زۆر گرنگ و ستراتیجین و كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن، كامانەن؟

پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر، شەقامی 100 مەتری سلێمانی، رێیە دووسایدەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان، لەگەڵ رێیەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەكی تری كارەبا لەگەڵ پڕۆژەكانی بەنداو. پڕۆژەی باشمان هەیە كە كاری بەردەوامیان تێدا دەكرێت، دۆخەكەش بەو شێوەیە نییە كە بە یەكجاری وەستابێت.

لە نێوان 600 بۆ 700 ملیۆن دۆلارە

بەڵێندەران چ قەرزێكیان لای حكوومەتە؟

ئەو پارەیە لە نێوان 600 بۆ 700 ملیۆن دۆلارە، بۆ ئەو پڕۆژانەی كە پارەیان بۆ تەرخان دەكرێت، پێویستە لەگەڵیاندا پارەی قەرزی بەڵێندەرانیش بدرێتەوە، چونكە بەڵێندەر هەیە پڕۆژەی بە پارەی خۆی تەواو كردووە و پارەكەی وەرنەگرتووەتەوە، بەڵێندەران چەندان ساڵە پارەیان لای حكوومەتە.

بەڵێندەران چاوەڕێی چی دەكەن بۆ ئەو پڕۆژانەی كاریان تێدا ناكرێت و وەستاون؟

باشبوونی دۆخی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هاتنی بودجە لە بەغداوە، ئەم دوو هۆكارە دەبنە هۆی ئەوەی كە پڕۆژەكانی بەڵێندەران دەستبەكار بكەنەوە، حكوومەتیش لەگەڵمانە و وەزارەتی پلاندانانیش بەردەوام لەسەر خەتە، چاوەڕێ دەبین بزانین كەی دۆخەكە باش دەبێت و حكوومەت بڕیار لەبارەی پڕۆژەكان دەدات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان