"شاسوار و تاقمەكەی كاریان بۆ زیانگەیاندن بە پێشمەرگە كردووە"

:: PM:03:45:06/12/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەوانەی موزایەدە لەسەر ناوی پێشمەرگە دەكەن، رۆژێك لە رۆژان لە خەمی پێشمەرگە نەبوون.

شاسوار و تاقمەكەی بۆ ئەوەی شكستەكانی خۆیان بشارنەوە، كەوتوونەتە موزایەدەكردن بەناوی پێشمەرگەوە، بەڵام بیریان چووە كە هەر ئەوان بوون ئەو هێزەیان بە میلیشیا دەچوواند.

سەعید هەركی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، پێشمەرگە هیوا و ئومێدی خەڵكی كوردستانە و  بە هەموو هێز و توانایان بەرگری لە خاك و گەلەكەیان دەكەن.

روونیشی كردەوە، ئەوانەی ئەمڕۆ باسی پێشمەرگە دەكەن وەك شاسوار و نەوەی نوێ، رۆژێك لە رۆژان خەمی پێشمەرگەیان نەبووە، بەڵكو بە پلانی دوژمن كاریان كردووە بۆ زیانگەیاندن بە  پێشمەرگە.

هەركی دەڵێ‌، خەڵكی كوردستان هەمووان دەزانن كە كێ دڵسۆزە و كێ خەمخۆرە بۆ پێشمەرگە و كێش موزایەدەچی و دروشمباز و ساختەكارە، خۆ ئەگەر شاسوار ئەوەندە لە خەمی پێشمەرگەدایە و راست دەكات، با ئەو قەرزەی لایەتی بیگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت بۆ ئەوەی خزمەتی پێشمەرگەی پێ بكرێت.

وشە/ ئاسان محەمەد


وشە - وشه‌