میلیشیاكان كارتی گوشاریان بەرز كردەوە.. شەوی سەری ساڵ چی دەكەن؟

:: PM:06:19:06/12/2021 ‌

عێراق لە هەموو كاتێك زیاتر خۆی لەبەردەم تەنگژەكاندا دەبینێتەوە، تەنگژەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و هیتریش، وڵات كەوتووەتە ژێر قەرزێكی زۆر و پێكهاتەكان متمانەیان بەیەكتر و خەڵكیش بە حكوومەتی نەماوە، لەوەیش خراپتر میلیشیاكان و وڵاتانی دراوسێ حیساب بۆ سەروەریی وڵاتەكە ناكەن، هەڵبژاردنی دوایی هەوڵێكی خۆدەرهێنان بوو لە دەستی ئەو دۆخە، مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایش تا ئاستێكی زۆر باڵانسی دۆخەی راگرتووە، بۆیە لەوەی یەكەم میلیشیاكان دۆڕاندیان و هەوڵ دەدەن لەوەی دووەم قەرەبووی بكەنەوە.

وەك چاودێران باسی ئەوە دەكەن كە دوور لەوەی چەندان ساڵە لە عێراق دەگوزەرێت، بەوەی چەند حزبێكی سیاسی شیعە دەسەڵاتیان قۆرخ كردووە و بەناوی تایفەوە، زۆرینەی دەستكەوت و سامانی ئەو وڵاتەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار هێناوە، ئەنجامەكەیشی دوای چەندان ساڵ لە فرۆشتنی نەوتێكی زۆر، عێراق قەرزارە و هەژاری و بێكاری و هەڵاوسان یاخەی هاووڵاتییان و كورتهێنان و سوودی قەرزەكانیش یاخەی بودجەی گرتووە، تەنانەت لە بری گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان، بەهای دیناریان كەم كردەوە، بۆ ئەوەیش هەر خەڵك باجەكەی دا. 

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەڕێوە چوو، بەڵام بە یاسا و كۆمسیۆنێكی نوێ، بۆیە ئەنجامەكەی جیاواز بوو، سەدرییەكان سوننە و كورد، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر خەتی ئێران نین، توانیان ئەنجامی گەورە بەدەست بینن، تا ئاستی ئەوەی بتوانن حكوومەتی نوێ پێكبێنن، ئەوەی ماوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لە دادگای باڵای فیدرال پەسند بكرێت، بۆیە ئەوەی لەپێش هێزە دۆڕاوەكان و میلیشیاكان ماوە دوو خاڵە، هەوڵدان بۆ دروستكردنی كێشە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لەناو دادگای فیدرال، دووەم پێكهێنانی حكوومەتێكی عێراق بە بەشداری ئەوان و دوور لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، لەگەڵ وەرگرتنی مسۆگەری بەوەی دەست بۆ چەكی میلیشیاكان و حەشدی شەعبی نەبردرێت و بەشدار بن لە نووسینەوەی بەرنامەی حكوومەتی نوێ و گفتوگۆی پێكهێنانی لەگەڵ كورد و سوننەوە.
میلیشیاكان نایانەوێ بوونی هێزەكانی بیانی وەك راوێژكاری و مەشقیش لە عێراق هەبێت
لەو ناوەدا بابەتێكی تەواو گرنگ و جیاواز هەیە، ئەویش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق، كە خاڵێكی ناكۆكی زۆر هەستیارە لەنێوان هێزەكانی دەوڵەت، واتە ئەوانەی هەوڵی بەهێزكردنی عێراق دەدەن و نادەوڵەت، واتە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، ئەوانەی خۆیان بە هاوتای سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق دەزانن و هەوڵی نەهێشتنی شكۆی دەوڵەت دەدەن، بۆیە كاتێك بڕیارە بە رێككەوتنی هەردوو حكوومەت، هێزە شەڕوانییەكانی ئەمەریكا لە كۆتای ئەمساڵ بەتەواوەتی لە عێراق بكشێنەوە، میلیشیاكان دەیانەوێ ئەو بابەتە وەك كارتێكی گوشار بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەیان، بێ رەچاوی بەشداریكردنیان لە حكوومەتی توێ، بەكار بێنن. 

بەپێی زانیارییەكان لە كۆتایی ئەم مانگە، واتە كۆتای ئەمساڵ، حكوومەتی عێراق رۆیشتنی تەواوی هێزە شەڕوانییەكانی ئەمەریكا لە عێراق رادەگەیەنێت، كاتێك قاسم ئەعڕەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، و فەرماندە سەربازییەكانی سەرپەرشتی ئەو دۆسییە دەكەن، گۆڕانی رۆڵی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ راوێژكاری و راهێنان رادەگەیەنن، شاندیشیان لە سەردانیكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەسازییەكانی ئەمەریكا بۆ كشانەوە.

لە بەرانبەردا میلیشیاكان خۆیان ساز دەدەن بۆ شەوی سەری ساڵ، واتە ئەو وادەی میلیشیاكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایان دیاری كردووە، كە پێشتر هەڕەشەی ئەوەیان كردبوو دوای سەعات 12ی شەوەی 31ی كانوونی یەكەم دەست بە هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەكەن، بەتایبەتی بنكەی ڤیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و هەردوو بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و حەریر لە هەولێر.

ئێستەیش ئەو میلیشیایانە گومان دەخەنە سەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەو شێوەی ئەوان دەیانەوێت، چونكە ئەوان نازانن ئەو هێزانەی ئەمەریكا كە دەمێننەوە، شەڕوانین یان نا، ئەو وادەیەیشی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دیاری كراوە، بۆ میلیشیاكان هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە سەرەتای 2020. 

ئەحمەد نعێمی، شارەزای تەناهی دەڵێت، گومانی میلیشیاكان لە میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و گۆڕانی ئەركەكانی بۆ راوێژكاری، پێوەستە بە چەند هۆكارێكی ناوخۆیی و درەكی عێراقی، گومانكردنەكە بریتییە لە ئامرازێكی گوشار بۆ سەر حكوومەتی كازمی، جیا لەوە ئەوان لە بنەڕەتەوە نایانەوێ بوونی بیانی وەك راوێژكاری و مەشقیش لە عێراق هەبێت، هاوكات گفتوگۆكانی ڤیەنا بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، كاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق هەیە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا.

 بەگشتی پێشبینی ناكرێ میلیشیاكان قەناعەت بە نەمانی هێزەكانی ئەمەریكا دوای كۆتای ئەم ساڵ بێنن، بۆیە پەرەسەندنی دۆخەكە بەردەوام دەبێ و ئەگەری دروستبوونی بەریەككەوتن و بۆردمانی مووشەكی هەیە، چاودێران پێیان وایە كارتی سەری ساڵ، كە میلیشیاكان بە رووی سەدر و كازمی بەرزیان كردووەتەوە، زیاتر بۆ مانەوەیانە، لە حكوومەت و چەكی دەستیان و بەرژەوەندی و دەسكەوتە ئابوورییەكانیان، واتە قەناعەتی ئەوان بە مانەوە یان نەمانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، بەدەستی سەدرە كە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و حسێبیان بۆ دەكات.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل