مستەفا كازمی: هچ چەكێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە

:: PM:08:45:06/12/2021 ‌

ئێستە عێراق رووبەڕووی چەند تەنگژەیەك بووەتەوە، لەوانە سیاسی و تەناهی و ئابووری، تا ئێستە ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتی پەسند نەكراوە و هێرشی چەكدارانی داعش زیادی كردووە، كە هەندێك بە ئەنجامی هەڵبژاردنی دەبەستنەوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، كەس لە سەرووی بڕیاری دەوڵەت و هیچ چەكێكیش لە دەرەوەی دەسەڵاتیدا نییە.
خەڵكانێك هەن دەیانەوێ بە چەك هەڕەشە لە دەوڵەت بكەن
كازمی لە تویتێكدا نووسیویەتی، ئەمڕۆ هێزە ئاسمانییە قارەمانەكانمان هەڵمەتێكی سەركەوتوویان بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار ئەنجام دا، ئەو كارەیش تا ریشەكێشكردنیان بەردەوام دەبێت، بە بەردەوام خەڵكانێك هەن دەیانەوێ بە چەك هەڕەشە لە دەوڵەت بكەن، بەڵام دەوڵەت لە رێگەی دامەزراوەكانی و گەلەوە رووبەڕوویان دەبنەوە، بۆیە كەس لەسەرووی بڕیاری نییە و هیچ چەكێكیش لە دەرەوەی دەسەڵاتیدا نییە.

ئەمە و خانەی راگەیاندنی تەناهی ئەمڕۆ كوژرانی شەش تیرۆریستی لە هێرشێكی ئاسمانی لە بیابانی ئەنبار راگەیاند، خانەكە لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە كە كردەیەكی جۆریان لەدژی چەكدارانی داعش لە ناوچەی 160 كیلۆ بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بیابانی ئەنبار ئەنجام داوە.

لای خۆیەوە فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعیدی، سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دووپاتی كردەوە كە بەردەوامن لە راوەدوونانی چەتەكانی داعش لە هەموو ناوچەكانی عێراق، كاتێك ئەوان دەیانەوێ سەركەوتنێكی راگەیاندن بەدەست بێنن، لە رێگەی هەوڵدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەزگا تەناهییەكان، بەتایبەتی لە كەركووك و دیالە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل