هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی عێراق بەهۆی ناكۆكی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، دەستی بە جموجۆڵ كردووە، شانەی راگەیاندنی تەناهی عێراق ئاماژەی بۆ وێرانكردنی دوو حەشارگەی چەكی داعش لە كەركووك و سەڵاحەدین كرد.
بەهۆی هێرشێكی ئاسمانی لە ئەنبار، شەش ئەندامی داعش كوژراون
بەپێی
بەیاننامەیەكی شانەكە، هێزی فڕۆكەوانی سوپای عێراق لە كاتی گەڕان و پشكنیندا، حەشارگەیەكی گەورەی چەك و تەقەمەنی چەتەكانی داعشیان لە ناوچەی دۆڵی چای، سەر بە كەرتی ئۆپراسیۆنەكانی كەركووك وێران كردووە، كە چەك و تەقەمەنی تیادا بووە، هەروەها فڕۆكەوانی سوپا لە سنووری سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی سەڵاحەدین، ماتۆرسكیلێك و حەشارگەیەكی تری چەكی داعشیان وێران كردووە.
شانەكە لە بەیاننامەیەكی تردا روونی كردەوە، بەهۆی هێرشێكی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار، شەش ئەندامی داعش كوژراون، ئەوەیش كاتێك فڕۆكەیەكی چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زانیاری بە هێزی ئاسمانی عێراق داوە بە بوونی حەشارگەیەكی چەكی داعش لە ناوچەی 160 كیلۆ لە بیابانی ئەنبار، بەو هۆیەوە شەش تیرۆریست كوژران، هێزە زەوینییەكانیش لە ناوچەكە بەدوای حەشارگەی تر و چەكدارانی تری داعش گەڕاون.