سەدر دەست بۆ بابەتێكی هەستیار دەبات

:: PM:07:12:07/12/2021 ‌

دوای ئەوەی لیستی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا، كاتێك توانی 73 كورسی بەدەست بێنێت، ناو ماڵی شیعە درزێكی گەورەی تێ كەوت، بەتایبەتی میلیشیاكان تووشی شكستێكی گەورە هاتن، ئەوەیش وای كرد كە موقتەدا سەدر دەست بە سەپاندنی مەرجەكانی لەسەر گۆڕەپانەكە بكات، ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی لەناو حەشدی شەعبی هاوێشت.

دوای بردنەوەی سەدرییەكان لە هەڵبژاردنەكە و راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی، سەدر لە وتاری سەركەوتن رای گەیاند كە رۆژی میلیشیاكان كۆتایی هات، بۆ لەمەودوا دەبێت چەك بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، پێویستە گرووپەكان خۆیان لە ئەندامی ناكۆنترۆلكراو و لاسار پاك بكەنەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ كەتیبەكانی حزبوڵا و عەسائیب ئەهلولحەق بەتایبەتی، هەروەها پێوەندیان بە دەرەوە بپچڕێنن.
ئەبو فەدەك بەرپرسی كەتیبەكانی حزبوڵایە و شوێنگرەوەی ئەبو مەهدی موهەندیسە
ئەمڕۆ وەك لە نووسراوێكدا دەركەوتووە موقتەدا سەدر رێنوێنی بە سەرایا سەلام، هێزی چەكداری رەوتی سەدر، بەتایبەتی بۆ لیژنەی راستكردنەوەی رەوتی سرییەكانی سەلام، دەدات، پێیان رادەگەیەنێت كە مامەڵەی سەرایا سەلام راستەوخۆ و تەنیا لەگەڵ سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییەوە دەبێت و قەدەغەی مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەركانی دەستەكە و بەرپرسانی دەكرێت، واتە ئەبو فەدەك محەمەداوی.

شایەنی باسە ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگاتە 130 هەزار و بەسەر دەیان گرووپ دابەش بوونە و مووچە و چەك و پارەیان لەسەر حكوومەتی عێراقە، لەوانە فەیلەقی بەدر و كەتیبەكانی حزبوڵا (حەوت هەزار چەكدار)، سەید شوهەدا (چوار هەزار چەكدار)، سەرایا خوراسانی (چوار هەزار)، سرییەكانی جیهاد و بینا (3500 چەكدار)، تەیاری ریسالی (دوو هەزار)، كەتیبەكانی ئیمام عەلی سەر بە موقتەدا سەدر و سرییەكانی عاشوورا (شەش هەزار)، سرییەكانی عەتەبات (پێنج هەزار)، ئەبو فەزل عەباس (12 هەزار)، نوجەبا، سەرایای سەلام (27 هەزار چەكدار)، عەسائیب ئەهلولحەق (15 هەزار)، جوندولئیمام و چەندان گرووپی تایبەت و نهێنی تر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل