له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، ئه‌مڕۆ كۆتایی به قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان دێت و تیپه‌كانی قۆناغی 16 و ئه‌وانه‌ی ده‌چنه یۆرۆپالیگ، ده‌رده‌كه‌ون، زۆربه‌ی سه‌رنجه‌كانیش له‌سه‌ر یاریی نێوان بایرن میونشن و بارسێلۆنا ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م، هه‌شتی كانوونی یه‌كه‌م، له كۆمه‌ڵه‌كانی پێنجه‌م تا هه‌شته‌م، یارییه‌كانی گه‌ڕی شه‌شه‌م و كۆتایی له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا ركابه‌ریی به‌هێز هه‌ن، له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵه‌كانیش به ئامانجی جیاواز ململانێ ده‌كرێن.
كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌م
ئه‌مشه‌و یانه‌ی بارسێلۆنا له به‌رده‌م یاریی ته‌مه‌ندایه و ده‌بێته میوانی بایرن میونشن.
یارییه‌كه بۆ بایرن گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵام بۆ بارسا یاریی مان و نه‌مانه.
یارییه‌كه به‌بێ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی زۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێمی باڤاریای ئه‌ڵمانیا.
بایرن 15 خاڵی هه‌یه و یه‌كه‌می مسۆگه‌ر كردووه، به‌ڵام بارسێلۆنا پێویستی به بردنه‌وه‌یه، كه ئێسته به 7 خاڵ له پله‌ی دووه‌مه.
هه‌ر له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا بێنفیكا، كه به 5 خاڵ له پله‌ی سێیه‌مه، له‌گه‌ڵ دینامۆكیێڤی ئۆكڕاینی یاریی ده‌كات، كه ئه‌مه‌ی دوایی ته‌نیا خاڵێكی هه‌یه و هیچی نییه بیدۆڕێنێت.
بارسا بۆ گه‌یشتن به قۆناغی 16 پێویستی به بردنه‌وه‌یه ، یانیش بێنفیكا یه‌كسان بێت یان بدۆڕێت، له تۆپی پێشدا هیچ ئه‌نجامێك مه‌حاڵ نییه، به‌ڵام زۆربه‌ی پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن بایرن میونشن بردنه‌وه به‌سه‌ر بارسا تۆمار بكات.
هه‌روه‌ها هه‌ندێكی تر له چاودێران پێیان وایه، ئه‌مڕۆ لێڤاندۆڤسكیی هێرشبه‌ری بایرن وه‌ڵامی ئه‌و سته‌مه ده‌داته‌وه، كه له خه‌ڵاتی بالۆن دۆر لێی كرا و پێشانی دنیای ده‌دات، كه گۆڵكارێكی گه‌وره و به‌توانایه و بارسێلۆنا تێكده‌شكێنێت.
كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م
مانچێسته‌ر یونایتد بۆ مسۆگه‌ركردنی پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه به جیاوازییه‌كی باشتر، هه‌وڵی بردنه‌وه به‌سه‌ر یانگ بۆیزی سویسریی ده‌دات، كه ئێسته مان یونایتد به 10 خاڵ له پله‌ی یه‌كه‌مه و به یه‌كه‌مییش سه‌ركه‌وتووه.
هاوكات یه‌نگ بۆیز كه 4 خاڵی هه‌یه، هیوایه‌كی هه‌یه بگاته یۆرۆپالیگ، به‌ڵام ئه‌مه به بردنه‌وه له مانچێسته‌ر و له‌ولاش دۆڕانی ئاتالانتا دێته‌دی.
له لایه‌كی تره‌وه یانه‌ی ڤیاڕیالی ئیسپانی (7 خاڵ) به‌رانبه‌ر ئاتالانتای ئیتالی یاریی ده‌كات (6 خاڵ)، ئه‌م یارییه له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یه و هه‌موو ئه‌نجامێكیش كراوه‌یه.
كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وته‌م
تاكه كۆمه‌ڵه‌یه له‌م وه‌رزه، تا ئێسته هه‌ر چوار تیپ هیوای گه‌یشتنیان به قۆناغی 16 هه‌یه، لیلی فڕه‌نسی (8 خاڵ) له ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ڤۆلفسبۆرگ (5 خاڵ) یاریی ده‌كات، هه‌روه‌ها سێڤییای ئیسپانی (6 خاڵ) ده‌بێته میوانی رێدبول سالزبۆرگی نه‌مسایی (7 خاڵ).
كه‌واته هه‌رچوار تیپ هیوایان هه‌یه و ركابه‌رییه‌كه له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا یه‌كجار به‌هێزه و هه‌موو ئه‌نجامێكیش چاوه‌ڕوانكراوه.
كۆمه‌ڵه‌ی هه‌شته‌م
هه‌ردوو یانه‌ی چێڵسیی ئینگلیزی و یوڤێنتوسی ئیتالی هه‌ریه‌كه‌ی به 12 خاڵ پله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌میان مسۆگه‌ر كردووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵ ده‌دات به پله‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وێت و له قۆناغی 16 به‌ر تیپی زۆر به‌هێز نه‌كه‌وێت.
چێڵسی له رووسیا له‌گه‌ڵ زینیت یاریی ده‌كات، كه تیپه رووسییه‌كه 4 خاڵی هه‌یه و گه‌یشتنی به یۆرۆپالیگ مسۆگه‌ره، یوڤێنتوسیش میوانداریی مالمۆی سوێدی (1 خاڵ) ده‌كات و ئه‌ركیشی ئاسانه.
خشته و كاتی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:
زینیت – چێڵسی 20:45
یوڤێنتوس – مالمۆ 20:45
بایرن میونشن – بارسێلۆنا 23:00
بێنفیكا – دینامۆكیێڤ 23:00
مانچێسته‌ر یونایتد – یانگ بۆیز 23:00
ئاتالانتا – ڤیاڕیال 23:00
ڤۆلفسبۆرگ – لیل 23:00
رێدبوڵ سالزبۆرگ – سێڤییا 23:00.