توركیا دوو هێندەی ئێران و پێنج هێندەی عێراق كارەبا بەرهەم دەهێنێت

:: PM:04:13:08/12/2021 ‌
توركیا لە دوو دەیەی رابردوودا توانیویەتی پەرە بە بەرهەمهێنانی كارەبا بدات، سەرووی نیوەی ئەو كارەبایەش كە لەو وڵاتە بەرهەم دەهێنرێت، وزەی پاكە. ئەو وڵاتە ئێستە دوو هێندەی ئێران و پێنج هێندەی عێراق كارەبا بەرهەم دەهێنێت.

كۆمپانیایەكی توركیا ئاشكرای كرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاك وەبەرهێنان كراوە.

توركیا لە ساڵی 2002ەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی وزە لە خۆر و با كردووە، تا ئێستە 42 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری لەو كەرتەدا خەرج كردووە.

18 هەزار مێگاواتی پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت.


بەگشتی كۆی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای توركیا گەیشتووەتە 99 هەزار مێگاوات لە سەعاتێكدا كە لەو قەبارەیە، 18 هەزار مێگاواتی پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت.

ئەگەر بەرهەمهێنانی كارەبا لە توركیا لەگەڵ عێراق و ئێران بەراورد بكەین، بۆمان دەردەكەوێت تەنیا ئەو كارەبایەی لە توركیا لە خۆر بەرهەم دەهێنرێت، هێندەی هەموو بەرهەمی كارەبای عێراقە.

بەرهەمی كارەبای پشتئەستوور بە خۆر لە توركیا، 18 هێندەی ئەو كارەبایەیە ئێران لە وێستگەی ناوكیی بووشەهر بەرهەمی دەهێنێت.

ئێران بۆ بەگەڕخستنی وێستگەی ناوكیی بووشەهر، هەشت ملیار دۆلار وەبەرهێنانی كرد، كەچی تا ساڵی رابردوو تەنیا توانی 1.6%ی كۆی پێداویستی كارەبای ئێران دابین بكات.

كۆی قەبارەی وزەی كارەبای بەرهەمهاتوو لە ئاو و خۆر و با لە توركیا كە هەرسێكیان بە وزەی پاك ناسراون، گەیشتووەتە 52 هەزار و 500 مێگاوات، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ كۆی بەرهەمی كارەبای ئێران.

90%ی كارەبای ئێران پشت بە گاز، گازوایل نەوتی رەش و ئەو سەرچاوانە دەبەستێت كە هۆكاری پیسكردنی ژینگەن


پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت، 90%ی كارەبای ئێران پشت بە گاز، گازوایل نەوتی رەش و ئەو سەرچاوانە دەبەستێت كە هۆكاری پیسكردنی ژینگەن، پشكی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە خۆر و با لە دابینكردنی وزەی كارەبای ئێران دەگاتە 0.5%.

لە حەوت مانگی رابردوودا لە ئێران 582 مێگاوات كارەبا زیادی كردووە، لە كاتێكدا بەگوێرەی ئەو پلانانەی پێشتر ئێران رای گەیاندبوون، دەبوو سێ هەزار و 500 مێگاوات بەرهەم بێنێت.

لە عێراق لەم یەك دوو ساڵەدا وەبەرهێنان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاك زیادی كردووە، بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا دوو هەزار مێگاوات بەرهەم بهێنرێت. تا ئێستە زۆربەی وێستگەكانی كارەبای عێراق پشت بەو سووتەمەنییانە دەبەستێت كە هۆكاری پیسكردنی ژینگەن، كۆی قەبارەی بەرهەمهێنانی كارەبای عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە، ناگاتە 21 هەزار مێگاوات.



وشە - سلێمان تاشان