ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كچێكی خه‌ڵكی سلێمانی له ژێر دروشمی "ئیتر ناترسین" وه‌ك به‌گژداچوونه‌وه بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی سنووریان ده‌به‌زێنن ئه‌نجامی دا، خه‌ریكه ده‌بێته شۆڕش و به هه‌زاران كچ به‌شدارییان تێدا كردووه.
به‌رایی
محه‌مه‌د بوعه‌زیزی، ئه‌و گه‌نجه‌ی وڵاتی توونس، وه‌ك ناڕه‌زایی له به‌رامبه‌ر لێسه‌ندنی عاره‌بانه‌كه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی ژیانی بوو، خۆی سووتاند، شۆڕشی وڵاته‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه و ئه‌و شۆڕشه دانه‌مركایه‌وه تا به‌هاری عه‌ره‌بی له زۆربه‌ی وڵاتان دروست كرد. كچێكیش له سلێمانی، به‌هۆی هه‌ڵوێستێكی تایبه‌تیی خۆیه‌وه، شۆڕشێكی گه‌وره ڕووبه‌ڕووی دابونه‌ریت و كۆته هه‌ڵواسراوه‌كان به ڕووی ئازادیی خانمان ده‌ست پێ ده‌كات، كه بۆ خانمانی كورد و ڕه‌نگه ته‌شه‌نه بكات بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، هیچی كه‌متر نه‌بێ له شۆڕشه‌كه‌ی بوعه‌زیزی، ڕه‌نگه ئه‌م له ڕوویه‌كه‌وه گه‌وره‌تر بێت، چونكه هه‌ناوی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی، هه‌ڵقوڵاویی ئازارێكی هه‌زاران ساڵه‌یه له به‌رده‌م كه‌له‌پچه‌كردنی ژنان و لاوازكردنیان و بچووككردنه‌وه‌ی ئه‌ركیان له چوارچێوه‌ی به‌خێوكردنی منداڵ و لێنانی خواردن و شووشتنی جلی مێرد.
به‌راوردكردنی نێوان له‌نجه و بوعه‌زیزی له‌وه‌وه دێت، هه‌ردووكیان ئاماده بوون خۆیان بكه‌ن به قوربانی، ڕه‌نگه هیچیشیان نه‌یانزانیبێ ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن، ده‌بێته شۆرشێكی گه‌وره بۆ دوای خۆیان.
یه‌كه‌م جار كه ئه‌م ههڵمهتهم بیست، له ڕێی گفتوگۆی هاوسه‌ر و خوشكهكهمهوه بوو، به جۆرێكی سه‌رنجڕاكێش ده‌ستخۆشییان ده‌كرد، زانیم به ته‌واوی چووه‌ته ناو ماڵانه‌وه، جیا له هه‌موو ئه‌و چالاكییانه‌ی ڕێكخراوه‌كانی بواری ژنان ده‌یكه‌ن، كه تا ئێسته نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست ده‌رگه‌ی ماڵان بكوتن و له نزیكه‌وه گوێ له ده‌نگی خانمان بگرن و ببنه هاوار بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به‌رز نابێته‌وه.
چیرۆكی پێش هه‌ڵمه‌ته‌كه
له‌نجه خاوێ، كچێكی خه‌ڵكی سلێمانییه، پێشتریش چالاكیی جۆراوجۆری ئه‌نجام داوه، له‌وانه هه‌ڵمه‌تی هاندان بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێب كه له‌گه‌ڵ چه‌ند خانمێكی تر پێی هه‌ستابوون، خۆی به‌م شێوه‌یه چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه: ئه‌كاونتێكی ساخته له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی "ئینستاگرام"، وێنه‌ی سه‌ر پڕۆفایله‌كه‌ی خۆمی بۆ ناردوومه‌ته‌وه ده‌ڵێت: حه‌ز ده‌كه‌ی سووكت بكه‌م؟. ویستبووی وه‌ك چه‌ك به‌كاری بهێنێ تا وه‌ك چه‌ند جاری تر كه له كوردستان ڕوویان داوه، بۆ گه‌یشتن به پاره یان ئامانجی تر، هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكات. به‌ڵام له‌نجه، به شێوه‌یه‌كی تر به‌رپه‌رچی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ: من له وه‌ڵامدا وێنه‌یه‌كی تری خۆمم بۆ نارد تا به‌كاری بھێنێت و له‌سه‌ری نووسیم: "ئه‌وه‌ش منم نه‌ك ئه‌وه‌شت پێویست بێت گیان. فه‌رموو به‌ڕێزه‌كه‌م".
له‌نجه خۆی چی ده‌ڵێ:
من لێره نه داوا ده‌كه‌م ئه‌و ئه‌كاونته ڕیپۆرت بكه‌ن، نه داوا ده‌كه‌م قسه به‌و كه‌سه بڵێن كه ئه‌و كارانه ده‌كات، چونكه ئه‌ویش قوربانییه! من دیوێكی تری ئه‌م كاره ده‌بینم، ده‌زانم كۆمه‌ڵگه و كولتووری خراپ به‌رھه‌مھێنه‌ری ئه‌م جۆره تاكه‌یه. ھه‌ر خۆی دروستبوونی ئه‌م تاكه له ئه‌نجامی ئه‌و داخرانهیه كه "فرۆید" لێی ده‌دوێت! لێره‌وه به كچان و ژنان ده‌ڵێم "ئیتر با نه‌ترسین". كه ئێمه نه‌ترساین ئه‌م دیارده‌یه نامێنێت. له ڕاستیدا ئه‌وان ئیش له‌سه‌ر ترسی ئێمه ده‌كه‌ن. ئێمه كه خۆمان له بنه‌ڕه‌تدا پاك و ڕاست بووین، بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كانمان له شوێنی تر ناتوانێ ئێمه سووك و بێ ڕه‌وشت بكات. ئێمه ده‌بێت به‌ھێز بین. ئه‌م كێشه‌یه تێپه‌ڕێنین. ئیتر با نه‌ترسین. ئیتر با وه‌ك بی نه‌له‌رزین له ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كانمان. تا كه‌ی ده‌موچاوی خۆمان بشارینه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه كچین؟ تا كه‌ی بترسین له‌وه‌ی بێ ئه‌وه‌ی ھه‌ڵه‌یه‌ك یان خه‌تایه‌ك بكه‌ین ببین به قوربانی نا با ئیتر خۆمان نه‌شارینه‌وه. با به‌ره‌و ڕووی ئه‌م دیارده‌یه بوه‌ستینه‌وه و به‌ھێز بین. با كچهكانیشمان ژیانیان به‌ھه‌مان ترسه‌وه به‌سه‌ر نه‌به‌ن. ئه‌ركی ئێمه‌یه كۆسپه‌كان بشكێنین بۆ منداڵه‌كانمان. كه تۆ ترسنۆك بیت، سبه‌ی كچه‌كه‌ت باجه‌كه‌ی ده‌دات. با ئێمه نه‌ترسین له‌پێناو خۆمان و كچه‌كانی داھاتووشماندا. تكایه، تكایه‌كی ھاوڕێیانه ئیتر با له‌سه‌ر ترسه‌كانمان نهكوژرێین. ئێمه جه‌سته و شێوه و ڕووخسارمان موڵكی ته‌واوی خۆمانن. ئێمه به ئاسایی به بازاڕ و كوچه‌كاندا ده‌ڕۆین، چ ده‌بێت با وێنه‌كه ببه‌ن و چیشیان ده‌وێ بینووسن. ئێمه كه خۆمان ناسی، كه‌ی گرنگه ئه‌وانی تر چی ده‌ڵێن؟
هه‌ڵمه‌ته‌كه چییه؟
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته، پشتگیرییه‌كی زۆر له‌لایه‌ن خانمان و پیاوانه‌وه بۆ له‌نجه دێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌ڵمه‌تێك له ژێر دروشمی "ئیتر ناترسین" ده‌ست پێ بكات و هاشتاگێكی بۆ داده‌نێ كه بریتییه له هێزی كچی كوردستان (#Kurdistanwomenpower) و ته‌واوی فه‌یسبووك، تویته‌ر، ئینستاگرام و تۆڕه‌كانی تری پێ پڕ ده‌كرێ. به هه‌زاران كچ، له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێشی خۆیان، ئه‌و هاشتاگه داده‌نێن و ئه‌م پهرهگرافهشی له‌گه‌ڵ ده‌نووسن:
ئێمه‌ی كچان و ژنانی كوردستان. ئیتر ناترسین. چیتر له خه‌می بردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كانمان نین. ئێمه بڕوای ته‌واوه‌تیمان به خۆمان ھه‌یه. ناترسین له‌و ھه‌ڕه‌شانه‌ی كه له ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه پێمان ده‌گات. چیتر ئێمه له ترسی بردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كانمان خۆمان ناشارینه‌وه.
تۆی كچ و ژن، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌یامه‌ی مندایت، ئه‌وا وێنه‌یه‌كی خۆت به په‌بڵیك له فه‌یسبووكی خۆت دابنێ و ئه‌م نووسراو و ھاشتاگه له‌گه‌ڵی دابنێ.
پێویستیمان ئه‌لفێك بوو
ئاسووده عه‌لی، خانمێكی به‌شداربووه له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا و بۆ یه‌كه‌م جاره وێنه‌ی خۆی له سۆشیاڵ میدیا بڵاو بكاته‌وه، به "وشه"ی گوت، چوار ساڵه فه‌یسبووك به‌كار ده‌هێنم، ته‌نیا وێنه‌ی گوڵ یان وێنه‌ی ئه‌كته‌ری هیندیم له‌سه‌ر پرۆفایلهكهم داناوه، به‌ڕاستی بێزار بووم له‌و خۆ شاردنه‌وه‌یه، پێویستیمان به ئه‌لفێك بوو تا بته‌قینه‌وه و ئێمه‌ش وه‌ك پیاوان وێنه‌ی خۆمان دانێین، ئه‌مه نه بێ حورمه‌تییه نه خۆ سووككردن، ته‌نیا نیشانی ده‌دات كه ئێمه‌ش هه‌ین، تارمایی نین، مرۆڤین، چاو و لووت و ده‌ممان پێوه‌یه.
سارا تۆفیق، به‌هه‌مان شێوه له هه‌ڵمه‌تی "ئیتر ناترسین" به‌شداری كردووه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، ئه‌و پێشتریش وێنه‌ی خۆی بڵاو كردووه‌ته‌وه و نه‌ترساوه، چونكه پێی وا نییه له بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی، هیچ سنوورێكی ڕه‌وشتی به‌زاندبێ و به "وشه"ی گوت: من به‌شداریم له‌م هه‌ڵمه‌ته كرد و پشتیوانیم لێ كرد، با ئیتر ئێمه كه وێنه‌ی خۆمان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بینه دیارده‌یه‌كی نامۆ له‌ناو خه‌ڵك و ئاسایی ببێته‌وه، وه‌ك چۆن كوڕان هه‌موو ڕۆژێ وێنه‌یه‌ك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
زیاتر گوتی: پێشتر به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن كچانیشه‌وه كه به‌شێكیان هاوڕێی خۆمن، به چاوێكی خراپ ته‌ماشا ده‌كرام، هه‌موو تاوانهكهشم بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنهكانمه، ئێسته خه‌ریكه له دوای ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێ خۆ شاردنه‌وه تاوانه نه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه.
ئه‌مه هه‌موو شتێك ناگۆڕێ
سازیان تالیب، به‌شداربوویه‌كی تری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یه، به "وشه"ی گوت، ڕاستییەکەی ناتوانین بڵێین ئێمە دوای ئەم کەمپینە، بووینە میلەتێکی مۆدێرن و ھەموو شت گۆڕا، به‌لایه‌نی کەمه‌وه توانیمان بە خەڵک بڵێین ئێمە ناڕازین لەو یاسا خێڵەکییەی بە فۆڕمی جۆراو جۆر پێش بە ڕەوتی ڕۆشنبیری و چالاکی و جوڵەی ڕۆژانەی ژنان و مێینەی ئەم وڵاتە دەگرێت. بەکورتی، ئێمە دەمانەوێت بەم کارە ڕێگە بگرین لەو مرۆڤه نا بەرپرسانەی کە دەیانەوێت شەرەف بکەن بە کۆدی کۆیلەكردنی مێینەکانمان، ئێمە ئەوەمان کرد کە دەبوو بکرێت و بڵێین ناترسین لە ھەڕەشەکانتان.
تۆ بڵێی ئیتر قۆناغێك ببڕین؟
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه كه به شێوه‌ی "په‌بڵیك" كراون، واته هه‌موو كه‌س، ته‌نانه‌ت هاوڕێشیان نه‌بێ، ده‌توانن وێنه‌كانیان ببینن، خانمان ڕووبه‌ڕووی ئه‌وانه ده‌بنه‌وه كه هه‌ر كه كچێك ده‌بینن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیناسن، داوای هاوڕێیه‌تی لێ ده‌كه‌ن.
ئا‌ڤێستا عه‌زیز، ئه‌ویش به "وشه"ی ڕاگه‌یاند كه دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌ی خۆی به په‌بڵیك بڵاو كردووه‌ته‌وه، داوای هاوڕێیه‌تیی و نامه‌یه‌كی زۆری بۆ ڕۆشتووه كه زۆربه‌ی كوڕن و داوای هاوڕێیه‌تییان لێ كردووه و هه‌ندێكیشیان قسه‌ی نه‌شیاویان كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان پێیان گوتم، گوتمان وێنه‌ی خۆت دانێ به‌ڵام نامانه‌وێت به‌و شێوه‌یه، بێت، چونكه وێنه‌كه‌ی من كه‌مێك جیاواز بوو. هێشتا هزری خه‌ڵكی ئێمه ناتوانن ئه‌زمی بكه‌ن.
لای خۆشییه‌وه، شه‌ونم ته‌ها به "وشه"ی گوت: له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنم له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا، له ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا زیاتر له 400 داوای هاوڕێیه‌تیم له فه‌یسبووك بۆ هات، به‌ڕاستی له سه‌ره‌تادا كه‌مێ نائومێدی كردم، له خۆم ده‌پرسی، ئایا ئه‌مه كارێكی باش بوو كردم، ئایا پیاوی كورد ده‌توانێ له‌م شتانه تێ بگات، تۆ بڵێی به‌هۆی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه بتوانین قۆناغێك ببڕین و وه‌ك كچانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، بۆ خۆمان و وه‌ك خۆمان ده‌مانه‌وێ بژین؟
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: دواتر گه‌یشتمه بڕیارێك له‌گه‌ڵ خۆمدا كه ئیتر واز له دڵه‌ڕاوكێ بهێنم، جاران كاتێك كوڕێك داوای هاوڕێیه‌تی لێ ده‌كردم، له ترسا ده‌له‌رزیم، ئێسته دوای ئه‌وه‌ی به خۆم گوت ئیتر به‌سه "ئیتر ناترسین"، ته‌نیا بۆ خۆشی داوای هاوڕێیهتییهكانم ده‌ژمارد، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌یر بكه‌م ناوی چییه و كێیه، چونكه ئه‌مانه هاوڕێ نین، كۆمه‌ڵێ برسین، كه‌ی دۆخه‌كه ئارام بووه‌وه، كوڕانی وڵات تێگه‌یشتن كه كچی كوردیش مرۆڤێكی ئاسایییه و ده‌خوازێ ئاسایی بژی، ئه‌و كاته ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی نه‌بێ ببێته هاوڕێم، داوام لێ ناكات، كه كردیشی، ئه‌و كاته پێشوازی ده‌كه‌م، نه‌ك ئێسته.